پەیامنێرانی بێ سنوور: ٧٩ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی دەستگیر کران

پەیامنێرانی بێ سنوور، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بڵاویکردەوە، ئێرانی بە یەکێک لە زیندانەکانی ژنە ڕۆژنامەنووسان ناساند.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکدا پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕایگەیاند، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە لە کاتی "سەرکوتکردنی بەرفراوان"ی ناڕەزایەتییەکان، ٧٩ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی کە ٣١ کەسیان ژنن، دەستگیر کراون.

 

لەم ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژەدان بەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هێشتا لەژێر دەستبەسەرداندان، ئێرانی بە یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی ڕۆژنامەنووسان ناساند، کە ژنانی ڕۆژنامەنووسیشیان تێدایە و دەستبەسەرکردنیان بە "ئارەزوومەندانە" و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە بە بیانوو بەناو کرد.

 

ئەم ڕێکخراوە دەستگیرکردنی نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەمەدی، دوو ڕۆژنامەنووس کە هەواڵی پەیوەندیدار بە کوشتنی ژینا ئەمینییان بڵاوکردەوە، ئیدانە دەکات و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە بە "درۆ" ناساندووە، ڕاشیگەیاند، سیستمی هەرێمی ڕژێمی ئێران بە دەرکردنی حوکمی هەڵپەسێردراو بۆ بێدەنگ کردنی ڕۆژنامەنووسان، "ترسی هەمیشەیی لە سزادان"ی بەسەر ڕۆژنامەنووساندا سەپاندووە.

 

جەختی لە "سەرکوتکردنی ئاڵۆز"ی ڕۆژنامەنووسان کردەوە و ئاماژەی بە "دەستبەسەرکردنی ئارومەندانە"ی کەسوکاری ڕۆژنامەنووسان کردەوە، کە لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر دەکرێن و هیچ تۆمەتێکیشیان لەسەر نییە.

 

بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە بڵاوکراوەکانی توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە، ئەم حکومەتە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن "لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان"ەوە وەک "خراپترین زیندان بۆ ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا" ناسێنراوە.