دوو ژنی گەنج لە ڕووباری خازر خنکان و تەرمەکنایان دەرهێندرانەوە

دوو ژنی گەنج لە ڕووباری خازر خنكان و دوای دەرهێنانی تەرمەکانیان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کران، تەمەنیان لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٣ ساڵدایە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاكرێ ڕایگەیاند، كاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەكانیان لەسەر رووباری خازر و لە نزیك گوندی خەلیلكان-ی سەر ناحیەی گردەسێن هەوڵی دۆزینەوەی تەرمی دوو ژنی گەنجیان، کە لە ڕووبارەکەدا خنکابوون، دەدا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تەرمی یەكێك لە ژنە گەنجەکان سەرئاو كەوت، تەرمی دووەمیش لەلایەن تیمەكانیانەوە دەرهێندراوە.

 

بەرگریی شارستانیی ئاكرێ تەمەن و ناسنامەی قوربانییەکانی بڵاوکردەوە، ئەو دوو ژنە گەنجەی لە ڕووبارەکە خنکاون ناویان “حەنان رەمەزان عەبدۆ” تەمەن ٢٣ساڵ و “خەڵات شەعبان خەلیل” تەمەن ٢٠ ساڵە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا تەرمەكانیان ئێستا ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە.