هەراسانکردنی ژنانی ئێران لە لایەن دەوریەی ئیرشاد

دوو لە ژنانی شاری سنە کە بەبێ باڵاپۆشی لە گۆڕەپانی ئازادی ئامادەبوون، لەلایەن دەوریەی ئیرشادەوە سووکایەتییان پێکرا.

ژونا ئەردەڵان

 

سنە- ڕۆژی شەممە، دەوریەی ئیرشاد لە گۆڕەپانی ئازادی بە توندی ژنانی ئاگاداردەکردەوە و هاواریان دەکرد "حیجابەکەت چاک بکەرەوە"، دوو ژنی خەڵکی شاری سنە کە بەبێ باڵاپۆشی لە گۆڕەپانی ئازادی دەرکەوتن، لەلایەن ژنانی دەوریەی ئیرشادەوە سووکایەتییان پێکرا.

 

ژنانی دەوریەی ئیرشاد هاواریان بەسەر ژنان دەکرد و بە توندی ئاگاداریان دەکردنەوە ڕەچاوی حیجابەکەیان بکەن، بەڵام ژنەکان بێباکانە گرنگیان بە ئاگادارکردنەوەکانیان نەدەدا و بێ حیجاب لە بەردەمیاندا تێدەپەڕین، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو پیاوان بوون کە پشتیوانییان لە ژنان کرد و نیشانی دەوریەی ئیرشادیان دا کە پاڵپشتی ژنان دەکەن، هەر بۆیە ژنانی دەوریەی ئیرشاد کاتێک کاردانەوەی ناڕەزایی ڕێبوارانیان بینی، ئیتر نەیانتوانی ژنەکان هەراسان بکەن، یەکێکیان " دەستماڵی کوردی"ی لە ملی دابوو و بە ئەنقەست بەلایدا تێپەڕیبوو، ئەمەش هێندەی تر توڕەی کردن.

 

دوای دەستپێکردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران، حکوومەت هەوڵیدا داواکاریی ناڕازییان بۆ ئازادی کەم بکاتەوە، بەڵام دوای سەرکوتکردنی بەربڵاوی ناڕەزایەتییەکان، ژنان بەردەوام بوون لە دەربڕینی داواکارییەکانیان بۆ گۆڕینی سیستەم و گەیشتن بە ئازادییە سیاسییەکان، پێداگرییان لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان دەکرد.

 

https://youtu.be/ROX5RpNJ_1U