کۆمەڵەی "ڕاوا" سوپاسی کەژەکە دەکات کە دەنگی ژنانی ئەفغانی بە جیهان گەیاند

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان "ڕاوا" سوپاسی کەژەکەی کرد و داوای لە هەموو ژنانی جیهان کرد، پێکەوە بەردەوام بن لە خەبات دژی ئیمپریالیزم و پیاوسالاری.

کابول

 

لە ٩ی تەمموز، کۆردیناسیۆنی "کەژەکە" بۆ ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب لە شەنگال و دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لە ١٥ی ئاب لەلایەن تاڵیبانەوە، ڕایگەیاند کە کەمپەینێک بە دروشمی "دژی هێرشی نێرینەی هەژموونگەرا، ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانی و شەنگالین" دەستپێدەکات.

 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان "ڕاوا" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بە ناوی ژنانی چەوساوەوە لە ئەفغانستان قسەی کرد و سوپاسی کەژەکەی کرد، بۆ وەستان لەگەڵیان و گەیاندنی دەنگی ژنانی ئەفغانی بۆ هەموو جیهان.

 

"ژنان بە بوێرییەوە بەردەوامن لە خەباتی خۆیان"

لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانی "ڕاوا"دا هاتووە: هەرچەندە ژنان زۆرترین قوربانی سیاسەتەکانی ئیمپریالیزم و باوکسالارین، لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەی جەنگ و دوژمنکاری و تاوان لە ئەفغانستان، بەڵام بەردەوامن لە خەباتکردن بە بوێرییەوە و کۆڵیان نەداوە، وەک وڵاتێکی داگیرکەر، ئەمەریکا تەنها بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەڕێت و لەبەر ئەوەی خوێنی ئەفغانییەکان بێ نرخە، دوودڵ نییە لە ڕادەستکردنی دەسەڵات بە گروپە خوێن تینووەکان بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی، دوای ئەوەی حکومەتی ئەمەریکا و ناتۆ دەسەڵاتیان بە تاڵیبان دا، یەکەم هێرشی ئەم گروپە دژی ژنان بوو و هەوڵیاندا هەموو ژنان لە ماڵەکانیاندا بەند بکەن، بەڵام کۆمەڵێک ژنی ئەفغانی بە دەنگێکی بەرز و بە هەنگاوی توند بەردەوام بوون لە خەباتیان و لە زیندان و ئەشکەنجە نەترسان.

 

ئێمە هەمیشە ئیلهاممان لە بوێری خوشک و شەڕڤانە ئێرانییەکان و کوردەکان وەرگرتووە، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە ژنانی ئێرانی تەقەیان لێدەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێن و ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە لە زیندانە ترسناکەکانی ڕژێمی ئیسلامی، بەڵام ئەوان دەچنە سەر شەقامەکان و خەباتی خۆیان لە جاران زیاتر دەکەن و خەباتی ژنانی ئازای کورد لە دژی داعش نیشانی دا کە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە دەستی داعش و تاڵیبان لە ڕێگەی هەڵوێستێکی بەهێزی ژنانەوەیە.

 

بە بەڵگەنامە و بەڵگەی نکۆڵی لێنەکراو سەلمێندراوە کە گروپە توندڕەو و تاوانکارییەکان لە ئێران و ئەفغانستان سەرەڕای دروشمە هەڵەکانیان "نە ڕۆژهەڵات و نە ڕۆژئاوا" دەستیان پێکردووە، بەڵام هەموویان لە ناو ڕەحمی ئیمپریالیزم و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و ئینگلتەرا و ڕۆژئاواوە سەرچاوەیان گرتووە، سیاسەتی داگیرکاریی ڕۆژئاوا جێبەجێ دەکرێت بۆیە پێویستە هۆشیارییەک هەبێت لەنێو کۆمەڵگەدا کە خەباتی دژ بە ئایننپەرستی ناتواندرێت جیابکرێتەوە لە خەباتی دژ بە ئیمپریالیزم.

 

بژی یەکێتی ژنان

سەبارەت بە کەمپەینەکەی کەژەکە کە لە ٣ بۆ ١٥ی ئاب بە دروشمی "دژی هێرشی نێرینەی هەژموونگەرا ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانی و شەنگالین" بەردەوام دەبێت، ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن و تێکۆشان و هاوکاری لەگەڵ قوربانیانی شەنگال و ژنانی ئەفغانی.

 

ڕێکخراوە کوردییەکان بەردەوامن لە سەرکەوتن و سووربوونی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەورەترین هێرشی دوژمنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ئەرکی ئێمەیە ژنانی چەوساوەی جیهان لە دژی ئیمپریالیزم و ئایینپەرستەکان یەکبخەین، تەنها لەو کاتەدا دەتوانین کۆمەڵگەکانمان بەرەو دیموکراسی بجوڵێنین کە لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری دامەزراوە و ژنان لە کولتووری نەفرەتلێکراوی پیاوسالاری و ستەمکاری ئازاد بکەین.

 

بژی یەکێتی و یەکگرتوویی ژنانی کرێکار لە سەرانسەری جیهاندا.