"باشترین ڕێگا بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵات چوونە سەر شەقامەکانە"

یڵدز ئۆک یوراک، هاوسەرۆکی لقی ئامەدی یەکێتی کرێکارانی تەندروستی ڕایگەیاند، کرێکاران لە خراپترین کاتدا دەژین بەهۆی سیاسەتەکانی ئاکەپەوە، ئەو دەسەڵاتەی کە ژنان و کرێکاران قڕ دەکات، دەبێت لە ١٤ی ئایاردا بڕوات.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ئەمساڵ ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە چەندین ناوەند بە چالاکی جۆراوجۆر پیرۆز دەکرێت، ئەندامانی ئەو یەکێتییانەی کە لە ئامەد کۆدەبنەوە بۆ شوێنی کۆبوونەوەی دەروازەی چیا دیاریکران، ڕێکخراوەکانی کرێکاران لە سێ لاوە ڕێپێوان دەکەن و لە ناوچەکە کۆدەبنەوە و بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی بڵاو دەکەنەوە، تیشک دەخەنە سەر بوومەلەرزەکە و قەیرانی ئابووری و تاوانەکانی کار.

 

گیانلەدەستدانی ژنانی کرێکار دەشاردرێتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی تەندروستی و سەلامەتی کرێکاران کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ئامادەکراوە، لەو کاتەوەی ئاکەپە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢دا دەسەڵاتی گرتە دەست تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە ٣٠ هەزار و ٢٢٤ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە ساڵی ٢٠٠٣دا ٨١١ کەس بووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢ هەزار و ٧٠ کەس بووە، لە ماوەی ١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢٢دا، هەزار و ٥٢١ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لانیکەم ٣٠١ کرێکار لە ماوەی دوو مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا گیانیان لەدەستداوە.

 

چەندین کەس له ناوچەکانی بوومەلەرزە بێکار ماونەتەوه

بەدەر لە قەیرانی ئابوری و تاوانەکانی کار، لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، هەزاران سەندیکای کرێکاران و بەرهەمهێنەران زیانیان بەرکەوت و ئەو کرێکارانەی کە هیچ پاڵپشتییەکیان وەرنەگرتووە، ناچارکراون کۆچ بکەن، ئەو کرێکارانەی کە هیچ دەرفەتێکی کاریان لە دوکانە سووتاوەکانیاندا نەماوە بێبەرهەم ماونەتەوە، ئەمە تەنها لە ناوەندی شارەکان نییە، بەڵکو لە گوندەکانیشدا زیانلێکەوتوو هەن.

                    

"بوومەلەرزەیان گۆڕیوە بۆ ئامرازێکی هەڵبژاردن"

یڵدز ئۆک یوراک، هاوسەرۆکی لقی ئامەدی یەکێتی کرێکارانی تەندروستی (SES) سەبارەت بە داواکارییەکانی ژنانی کرێکار و هەڵوێستیان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و هەروەها ئەو سیاسەتانەی دەسەڵات کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیان بە کرێکاران دەگەیەنن، وتی: کرێکاران لە خراپترین پرۆسەی مێژووی کاردا دەژین و هۆکاری ئەم پرۆسەیەی ئێستا سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپەیە، بوومەلەرزەکە کارەساتێکی سروشتییە، بەڵام مردنی خەڵک بەهۆی کارەساتەکەوە زیادی کردووە، ئەمە لەبەرچاوی هەمووان ڕوویدا، حکومەت چەندین بەڵێنی داوە بەو کەسانەی کە شوێنی کار و ماڵەکانیان وێران کردووە و هەوڵیان داوە خەڵک بە شتی بچووک بێدەنگ بکەن، بەڵام ئێمە هیچ شتێکمان لە کرداردا نەبینیوە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە شوێنی کارەکانیان وێران بووە، نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان، ئێستا دەرفەتی ئەوەیان نییە کە کاری خۆیان بنیادبنێن، هیچ هاوکارییەک لە حکومەت وەرناگرن.

 

"ژنان بە شێوەیەکی ناسەلامەت کار دەکەن و ڕەنجیان دەخورێت"

یڵدز ئۆک یوراک ئاماژەی بەوەشكرد، چەندین ساڵە تاوانی کار ڕوودەدات و ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، زۆربەی ژنانی کرێکار بەبێ کرێ کار دەکەن و وتی: وەک لە سەرەتادا وتمان، ئێمە لە خراپترین کات و پرۆسەدا دەژین، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران ناچار دەکرێن لە بارودۆخێکی ناسەلامەتدا کار بکەن، هەروەها ژنان وەک هێزی کار کەم دەبینرێن لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، لە زۆربەی کارگەکاندا، زۆرێک لە کرێکارانی ژن لانیکەم کاتژمێرێکی زۆر بە پارەیەکی کەم کار دەکەن کە لەگەڵ ستانداردەکانی کارکردندا ناگونجێت، ئەوان جێگرەوەیەکی نوێ بۆ ژنان دروست ناکەن و ڕێگەیان پێ نادەن بوارێکی دیکە بۆ خۆیان بکەنەوە.

 

"ئەو دەسەڵاتەی کرێکارانی خستووەتە ئەم دۆخەوە دەبێت بڕوات"

یڵدز ئۆک یوراک ئاماژەی بەوەکرد نزیکبوونەوەی ١ی ئایار دوو هەفتە بەر لە هەڵبژاردنەکان زۆر گرنگە و وتی: لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا ئەو دەسەڵاتەی کە ڕەنجی گەل دەخوات دەبێت بڕوات، لە بەرامبەرمان دەسەڵاتێک هەیە کە دەیەوێت ئێمە لە شەقامەکان و مەیدانەکان لابدات، ئەو نایەوێت کرێکاران و بەتایبەت ژنان بچنە مەیدانەکان، چەندین ساڵە ئێمە شایەتی هەموو جۆرە فشار و قەدەغەکردنێک بووین، بۆچی ئەمساڵ ١ی ئایار لە هەموو ساڵەکانی ڕابردوو گرنگترە؟ چونکە کاتێک بیر لەو کارەساتانە دەکەینەوە کە ڕوویانداوە، دەبینین ئەمە دوا خاڵ دەبێت، لە ١ی ئایاردا هەڵبژاردنی داهاتوو قۆناغەکە دیاری دەکات، لەم هەڵبژاردنەدا، ئەوانەی ژنان و کرێکارانیان خستووەتە ئەم دۆخەوە دەبێت بڕۆن.

 

"لە ١ی ئایاردا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان لە مەیدانەکان دەبین"

یڵدز ئۆک یوراک داوای لە خەڵک و کرێکاران کرد، لە ١ی ئایاردا بچنە مەیدانەکان و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: باشترین ڕێگا بۆ ڕۆیشتنی دەسەڵات ئەوەیە کە بچینە شەقامەکان و گۆڕەپانەکان، ١ی ئایار هەلێکی گەورەیە بۆ ئێمە، لەم قۆناغەدا بەردەوام دەبین لە کارەکانمان، پێویستە هەموومان لە مەیدانەکان بین، پێویستە هەموومان تێبکۆشین.