سودان، بەردەوامی هێرشەکان بارودۆخی تەندروستی و مرۆیی خراپتر کردووە

دۆخی سودان لە ئاستی ئەمنی و مرۆیی و تەندروستیدا بەشێوەیەکی فراوان تێکچووە، ئەمەش بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو لایەنی ململانێکانی ئەو وڵاتەیە، کە بووە هۆی لەدەستدانی گیانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی و کۆچکردنی هەزاران کەس.

مەیسا ئەلقازی

 

خەرتوم- ٢٦ی نیسان لە دووەم ڕۆژی ئاگربەستدا، لە خەرتومی پایتەخت شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا سەریهەڵدایەوە، بە چەندین جۆری چەک و تەقەمەنی هێرش ئەنجامدرا، شرۆڤەکارانی سیاسی جەختیان لەوە کردەوە کە بەردەوامی تێکچوونی دۆخەکە و توندوتیژییەکانی ئێستای سودان، دوای پێکدادانەکانیش وڵاتەکە بەرەو سیناریۆیەکی شەڕی ناوخۆ دەبات کە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت و کاردانەوەی بۆ سودان و وڵاتانی دراوسێی دەبێت.

 

سەرەڕای لەکارکەوتنی ٧٣ نەخۆشخانە و تێکچوونی دۆخی تەندروستی و نەبوونی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان، بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەندیکای پزیشکان، قازیفەیەک داویەتی بە بنکەیەکی تەندروستیدا  لە ناوچەی ئەلثورا لە ئۆمدرمان و بووەتە هۆی برینداربوونی ١٣ کەس کە باری تەندروستی هەندێکیان سەختە، ئیدارەی نەخۆشخانەی "النوو" کە نەخۆشخانەیەکی حکومییە و دەکەوێتە هەمان ناوچە، دەستیان بە گواستنەوەی نەخۆشەکان کردووە بۆ نەخۆشخانەی "النوو"، داوا لە کارمەندانی پزیشکی و پزیشکانی بێهۆشکەر دەکات بەپەلە بێن بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان، کە ئاماژەیان بەوەشکردووە، باری تەندروستی چوار کەسیان سەختە و پێویستیان بە دەستێوەردانی بەپەلەی نەشتەرگەری هەیە.

 

بەشێک لەو بەنزینخانانەی کە دەکەونە نزیک گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون شایەتی قەرەباڵغییەکی زۆریان بەخۆوە بینی لەلایەن دانیشتووانەوە، لەنێویاندا ژمارەیەکی مەزەندەکراو ژن بوون، هەندێکیشیان باس لەوە دەکەن کە شەوەکەیان لە هەمان شوێن بەسەر بردووە بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی پێویست بۆ دەرچوون لە پایتەخت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سووتەمەنی کەمی کردووە و لە بازاڕی ڕەشیشدا دەستناکەوێت، بۆیە خەڵک ناچارن چەندە بێت سووتەمەنی بەدەستبهێنن تا شارەکە بەجێبهێڵن، هاوکات خەڵک دەترسن کە دوای کۆتایی هاتنی ئاگربەست شەڕی قورستر لە پایتەختدا ڕووبدات.

 

لەسەر سنوورەکانی سودان، ڕیزێکی دوور و درێژی خەڵکی مەدەنی دروستبووە، تا ڕزگاریان ببێت لەو شەڕ و ململانێیەی ماوەی ١٣ ڕۆژە بەردەوامە، هەروەها خەڵکەکە لەسەر سنوردا لە بارودۆخێکی ناهەمواردان و بە ھیوای پەڕینەوە بۆ شوێنێکی سەلامەتن.