تاڵیبان چالاکییەکانی دامەزراوە پەروەردەییەکانی قەندەهار و هێلمەند ڕادەگرێت

بەپێی ئاگادارییەکی وەزارەتی پەروەردەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە شارەکانی قەندەهار و هێلمەندی ئەفغانستان، چالاکییەکانی دامەزراوە پەروەردەییەکان ڕاگیراون.

ناوەندی هەواڵ

 

مەولەوی حەبیبوڵا ئاغا، وەکیلی وەزارەتی پەروەردە لە بزووتنەوەی تاڵیبان، پەیامێکی بە واژۆی خۆیەوە، ئاڕاستەی بەرپرسانی شارەکانی قەندەهار و هێلمەند لە ئەفغانستان کرد و فەرمانی پێکردن، چالاکییەکانی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکان تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر ڕابگرن.

 

باس لەوە نەکراوە کە بۆ ماوەی چەند چالاکیی دامەزراوە پەروەردەییەکان دەوەستێت یان هۆکاری وەستاندنی ئەو چالاکییانە چییە، هەروەها ڕوون نییە کە ئایا ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندی بە شارەکانی قەندەهار و هێلمەندەوە هەیە، یان چالاکییە پەروەردەییەکان لە شارەکانی دیکەی ئەفغانستان دەوەستن.

 

پێش ناردنی ئەم پەیامە، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف، کەمپەینی منداڵان ڕزگار بکە و چەندین دامەزراوەی دیکەی ژینگەیان بۆ پەروەردەکردنی دەیان کچ و کوڕ لە زۆرێک لە شارەکانی ئەفغانستان لەوانەش قەندەهار و هێلمەند دروستکردبوو.

 

پێویستە بگوترێ، دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، خوێندنی کچانی سەرووی پۆلی شەشەم قەدەغە کرا، لە پاییزی ساڵی ڕابردووشدا خوێندنی قوتابیانی کچ لە زانکۆکان قەدەغە کرا.