تەڤگەری ئازادی: ڕووخانی ڕژێمی بەعس کۆمەڵکوژی گەلی کوردی کەم نەکردەوە

لە ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کە بە درێژایی دەسەڵاتەکەی کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدا، تەڤگەری ئازادی داوای یەکڕیزی و هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق دەکات.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و داوای یەکڕیزی گەلی کوردیان دژی داگیرکارییەکان کرد.

 

جومعە کەریم، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ و ٢٠ ساڵ پێش ئێستا بە هاوکاری ئەمریکا ڕژێمی بەعس ڕووخا، بەڵام تا ئێستاش دۆخی عێراق ئاسایی نەبووەتەوە، ڕووداوەکان و کۆمەڵکوژی و شەهیدکردنی کوردان هەر بەردەوامە، هاوپەیمانان عێراقیان بەجێهێشت تا وڵاتانی تر دەستبخەنە ناو کاروباریەوە، ئێران و تورکیاش بەردەوام بوونەتە مایەی نا ئارامی بۆ گەلی کورد.

 

لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، "گەلی کورد وەکو هەموو پێکهاتەکانی تری عێراق چاوەڕوانە کە هەموو لایەنەکان بینە لای یەک بۆ چارەسەری کیشەکان، بەڵام لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەلەکەیان بەکاردەهێنن و داواکاری گەلەکەیان فەرامۆش دەکەن، هەر وەکو ماددەی ١٤٠و پرسی پێشمەرگە".

 

تەڤگەری ئازادی لە بەیاننامەکەدا چەند خاڵێکیان خستەڕوو تا لە ڕێیەوە چارەسەرێکی دیموکراتیک و نیشتمانی ئەنجام بدرێت؛

 

١-پێویستە لە ڕووی سیاسییەوە لایەن و پێکهاتەکان کۆنگرەیەکی نیشتمانی ببەستن.

٢-پێویستە دەستوور هەموار بکرێتەوە و جەخت بکرێتەوە لەسەر پێکەوە ژیانی گەلان.

٣-هێزی سەربازی و ئەمنی لە دەستی لایەنەکان دەربهێنرێت و بە نیشتمانی بکرێت.

٤-پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند بە دامەزراوە بکرێت و لەسەر بنەمای دەستوری بەڕێوەبچێت.

٥-ناوچەی ماددەی ١٤٠ لەسەر بنەمای دەستور ئاسایی بکرێتەوە، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی.

٦-بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان چینەکاندا.

٧-پێویستە دەوڵەتی عێراق سەروەری خاکەکەمان بپارێزیت و وڵاتان پابەند بکات بە یاسا نێودەوڵەتیەکان.

٨-تەحریم کردنی سیاسەتی وابەستەیی و تاکڕەوی و مەزهەبگەرایی.

٩-لە ڕێگەی دادگای تایبەتەوە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە داهاتی گشتیان بەهەدەرداوە.