"کۆمەڵکوژی جیندرێس، دڕندەیی تورکیا لە دژی گەل نیشان دەدات"

کەسوکاری ئەو هاوڵاتیانەی لە کۆمەڵکوژی جیندرێسدا گیانیان لەدەستداوە، دەوڵەتی تورکیا بە هۆکاری ئەو کۆمەڵکوژییە دەزانن و دەڵێن "ئەم تاوانە ئاستی دڕندەیی تورکیای بەرامبەر خەڵکی عەفرینی نیشان دا".

ڕاپەرین بەکر

 

شەهبا - خەڵکی عەفرین کە بەهۆی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕوویان لە شەهبا کرد، دژی کوشتنی ٤ نیشتمانپەروەر کە ئاگری نەورۆزیان لە جیندرێسی عەفرین داگیرساند، ڕێپێوانیان کرد. کەسوکاری ئەو کەسانەی لەو کۆمەڵکوژییەدا گیانیان لەدەستدا، داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بێنە دەنگ و دەڵێن: ئەم تاوانە دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا لەسەر عەفرین نیشان دەدات.

 

لە شارۆچکەی جیندرێسی سەر بە عەفرین، ٤ هاوڵاتی لە هەمان بنەماڵە کە دەیانویست ئاگری نەورۆز داگیرسێنن، لەلایەن چەتەکانی ئەحرار ئەلشەرکیەی سەر بە دەوڵەتی تورکەوە تەقەیان لێکرا و گیانیان لەدەستدا، دوای کۆمەڵکوژییەکەی جیندرێس لە شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و باشووری کوردستان، خەڵک ئەو کۆمەڵکوژییەیان شەرمەزار کرد و داوایانکرد، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەرپرسان بکرێت و کۆتایی بە داگیرکارییەکان بهێنێت.

 

"لە مەیدان شەڕ دەکەین"

تۆلین عوسمان، دانیشتووی کانتۆنی شەهبایە و براکانی لە کۆمەڵکوژیی جیندرێس گیانیان لەدەستدا، ئەو کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکات و دەڵێت، چەتەکانی ئەحرار ئەلشەرکیە تەقەیان لە ٤ ئەندامی خێزانەکەمان کرد کە دەیانویست ئاگری نەورۆز لە ناوچە داگیرکراوەکان داگیرسێنن، سێ کەسیان براکانم بوون و یەکێکیان برازام بوو.

 

ئەڤین گابو، برازای ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا، دەڵێت: تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە، لە شەقام و مەیدانەکاندا دەوەستینەوە تا دەوڵەتی تورکیا و گروپە سەربەخۆیەکان لەسەر خاکەکەمان دوور دەخرێنەوە، ئەم تاوانە ئەوە دەردەخات کە تورکیا چەندە دڕندەیە بەرامبەر بە خەڵکی عەفرین.

 

داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت

نازلی ئالۆ، کەسوکاری گیان لەدەستداوان، وتی: لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا خەڵکی عەفرین تووشی کردەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بوون، بەهۆی ئاگری نەورۆزەوە ٤ کەس بە تەقەی چەتەکانی تورکیا گیانیان لەدەستدا، ئێمە دژی ئەم تاوانانەی لە عەفرین ئەنجام دەدرێن، دەوەستینەوە، لەگەڵ گەلەکەمان دەبین کە لە عەفرین ماونەتەوە تا عەفرین ئازاد دەکەن و دەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆمان، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەم بێنە دەنگ و ئەم داگیرکارییە بوەستێنن.

 

ئۆلفات حەنان، کە بەشداری ڕێپێوانەکەی کردبوو، داوای لە خەڵکی عەفرین کرد بەردەوام بن لە بەرخۆدان و وتی: ئەو ژنانەی لە شاری جیندرێس دەژین دەبێت بەردەوام بن لە بەرخۆدان و تێکۆشان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، گەلی کورد نادادپەروەری قبوڵ ناکات، دژی پلان و سیاسەتەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دەبێت یەک دەنگ بین.