ژنان لە قەندیلەوە: نەورۆزی قەندیل بەرخۆدانییە دژی داگیرکاری و دوژمنان
هەموو ساڵێک کوردانی چوار پارچە لە بناری قەندیل نەورۆز پیرۆز دەکەن، تا ببێتە وەڵامێک بۆ هێرش و داگیرکارییەکانی دوژمنان، نەورۆزی ئمساڵیش بە هێزی دروشمی "ژن ژیان ئازادی" پیرۆز کرا.
شنیار بایز
قەندیل- دوێنێ، ٢١ی ئادار جەژنی نەورۆزی ٢٧٢٣ی کوردی لە بە ئاهەنگێکی جەماوەری بە دروشمی "بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان، پەیمانی سەدە تێکدەشکێنین، کوردستان دەپارێزین" لە قەندیل پیرۆز کرا، جەژنی نەورۆز هەموو ساڵێک بە گڕوتینی بەهێز لە قەندیل دەکرێتەوە و تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەشدار دەبن.
نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز بوو لە نەورۆزی سالانی پێشووتر، چونکە ئەمساڵ نەورۆز بۆ یادی ژینا ئەمینی و بە دروشی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە هێزی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە پێناو ئازادیدا ڕاپەڕین، بەڕێوەچوو، هەروەها ئەمساڵ ساڵی کۆتایهێنان بە پەیماننامەی سەد ساڵەی لۆزانە، ئەو پەیماننامەیەی کوردستانی کردە چوار پارچە، بۆیە کوردان ئەم نەورۆزە وەک خەبات و بەرخۆدانی دژ بە دوژمنان پێناسە دەکەن.
نەورۆزی قەندیل بە بەشداربوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی وەک "فرمێسک، عادل هەورامی، ژینا سەقزی، گروپی ئاوازی چیا، گروپی شەهید سەرحەد، گروپی میوزیکی مەخمور، ئەحمەد سەنگاوی و چەندین هونەرمەند بەڕێوەچوو، هەریەک لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، کەجەکە، کەژار وتاری پیرۆزباییان بۆ گەل نارد و ڕایانگەیاند، بەرز ڕاگرتنی نەورۆز و یادکردنەوەی وەک بەرخۆدانی و تێکۆشان وایە دژی داگیرکار و دوژمنان.
ژنان لە قەندیلەوە پەیامی پیرۆزباییان بۆ نەورۆز نارد.
"نەورۆز واتە نەورۆزی قەندیل"
ژینۆ عەبدوڵا، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی تەواوی گەلی کورد دەکات بە تایبەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، دەربارەی نەورۆزی قەندیل وتی: نەورۆز ئەگەر هەبێت لە قەندیلە، چونکە قەندیل سەربەرزییە بۆ هەموو کورد و کوردستان"، نەورۆزی قەندیل بە گرنگ دەبینێت چونکە پێی وایە بەرخۆدانە دژی داگیرکاری و وەستاندنەوەیە بە ڕووی دوژمنان، داوا لە هەموو کوردێک دەکات لە قەندیل نەورۆز پیرۆز بکەن.
"ژنان لە نەورۆزی قەندیلدا جێی خۆیان دەگرن"
شنیار ڕەسوڵ، وەک ژنێکی بناری قەندیل پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی تەواوی گەلی کورد کرد، بە تایبەت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، ئاماژەی بەوەکرد، قەندیل شوێنی بەرخۆدان و تیکۆشانە، ساڵانە بە جیاوازی یادی دەکەنەوە و کوردان لە چوار پارچەی کوردستانەوە سەردانی قەندیل دەکەن، داوا لە ژنان دەکات بەشداری نەورۆزی قەندیل بن و ئەو یادە بەرز و پیرۆز ڕابگرن، چونکە ڕۆڵی بە گرنگ دەزانێت وەک بەرخۆدان و تێکۆشان پێناسەی دەکات.
"خەبات و تێکۆشانی کورد لە نەورۆزدا وەک بەرخۆدانی وایە دژی دوژمنان"
دڵخواز خدر، لە ڕانییەوە بەشداری نەورۆزی قەندیلی کردووە، دەربارەی نەورۆزی قەندیل باسی لەوەکرد نەورۆز لە قەندیل جێی دلخۆشی و سەربەرزییە، وتیشی: قەندیل جێگەی کوردانە بۆیە پێویستە یادی جەژنی نەورۆز لە قەندیل بکرێتەوە، هەورەها قەندیل و نەورۆز مانای ئازادی و سەربەرزی کوردە.
ئەسمەر حسێن، لە دەروازەی ڕاپەڕینەوە بەشداری نەورۆزی قەندیلی کردووە، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی هەموو گەلی کورد دەکات، هیوا دەخوازێت گەلی کورد هەمیشە سەر بەرز بێت، بەتایبەت گەلی باکووری کوردستان، کە چیتر لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا نەمێنێت، دەڵێت: قەندیل بۆ ئێمە زۆر خۆشە، چونکە شوێنی کوردانە و جێی ئازادییە.
بە گرنگیشی دەزانێت کورد لە هەموو شوێنێک یەکگرتوو بێت و تێکۆشان بکات، بەتایبەت لە نەورۆزدا، خەبات بکەن دژی چەوساندنەوە، هیوا دەخوازێت شۆڕشی ژینا ئەمینیش بە ئازادی و سەرکەوتن کۆتایی بێت.