هێرشی پۆلیس دوای ئاهەنگی نەورۆز: ٢٥٩ کەس دەستگیرکران

دوای ئەوەی دوێنێ ئاهەنگی نەورۆز لە ئیستانبوڵ و ماردین کۆتایی هات، پۆلیس هێرشی کردە سەر خەڵک و ٢٥٩ کەسی دەستبەسەر کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە ٢٣ شاری باکووری کوردستان و تورکیا بە بەشداری سەدان هەزار کەس ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو، دوای ئاهەنگگێڕان لە هەندێک شار، پۆلیس بە بیانووی "دروشمی نایاسایی" هێرشی کرد و سەدان هەزار کەس لە گۆڕەپانی یەنیکاپیەی ئەستەنبوڵ بە دروشمی "هەمیشە نەورۆز، هەمیشە ئازاد" و "بەرەو ئازادی لەگەڵ ئاگری نەورۆز" وتەوە.

 

لە ئیستەنبوڵ ٢٢٤ کەس دەستبەسەر کران

پۆلیس بە بیانووی وتنەوەی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "ژیان بێ سەرۆک ژیان نییە" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" ویستیان هێرش بکەنە سەر جەماوەر و دەستبەسەریان بکەن، بەڵام جەماوەرەکە ڕووبەڕوو بوونەوە و لە ئەنجامدا سەدان کەس دەستگیر کران.

 

زانرا منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و پارێزەرێک لەناو ئەو کەسانەدان کە دەستبەسەرکراون. بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، گواستراونەتەوە بۆ بەشی پۆلیسی ئەستەنبوڵ و بەشی پۆلیسی قەزای فاتح لە شەقامی وەتەنم لە لایەکی دیکەوە پارێزگاری ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند کە ٢٢٤ کەس، ٣٦یان منداڵن و دەستبەسەر کراون، دوای وەرگرتنی لێدوان لێیان ئازاد کران

 

لە شاری قۆسەر ٣٥ کەس دەستبەسەر کران

لە لایەکی دیکەوە لە ئەنجامی هێرشی پۆلیس لە دوای جەژنی نەورۆز لە ناحیەی قۆسەری ماردین دژی جەماوەر ٣٥ کەس دەستبەسەر کران. ئەوەش زانراوە کە لەناو دەستگیرکراوەکاندا منداڵ هەیە، دەستبەسەرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ بەشی پۆلیسی قەزای قۆسەر.

 

ئەوەش زانراوە کە ئەو گەنجانە لە کاتی دەستبەسەرکردندا لێیان دراوە، توندوتیژیی پۆلیسیش لەو وێنانەدا دەرکەوتووە کە خەڵک بە مۆبایلەکانیان گرتوویانە.