"ئێمە لە قوڕدا دەژین و هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ چارەسەری"

بەردەوام بارانبارین لە ئیدلیب بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی دەیان کامپ بە تەواوی تەڕ ببن و بۆ ژیانکردن گونجاو نەبن، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی.

هەديل عومەر

 

ئیدلیب- لە ئۆردوگاکانی ئیدلیبدا چەندین خەڵک هەن و ژیانیان لە نەبوونی و هەژاری و سەرمای زستاندا بەڕێدەکەن، ژنان و منداڵان بەهۆی ئەو دۆخەی تیایدا دەژین ژیانیان قورس بووە، ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان بوونەتەوە.

 

مەگدا ئەلحەرانی تەمەن ٣٦ ساڵ، دانیشتووی ئەو ناوچەیە، باسی لەوەکرد، یەکەمجار نییە ئاوی باران دەبێتە هۆی دروستکردنی لافاو و چادرەکانیان نوقمی ئاو دەکات، هەر کاتێک دۆخێکی وا ڕوودەدات، تەواوی کەلوپەلی ماڵەکەیان تەڕ دەبێت، لەگەڵ هاوژین و چوار منداڵەکەی بێ ماڵ و حاڵ دەمێننەوە.

 

ئەم خێزانە لەگەڵ بارینی دڵۆپە بارانەکاندا نیگەران دەبن، چونکە دڵنیا نین لەوەی ژیانیان پارێزراو دەبێت، کاتێکیش ئەگەر تەنها بارانێکی ئاسایی بێت و دوور بێت لە لافاو، بەڵام چادرگەکانیان تەڕ دەبێت و هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ وشکبوونەوەی، بۆیە وەرزی زستان بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناچەیە سەخت دەبێت.

 

"منداڵەکانمان لە سەرمای زستاندا ناتوانن خۆیان ڕابگرن"

سنە ئەلجەروی تەمەن ٣٣ ساڵ، باسی لەوەکرد بارانبارین هەمیشە دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتنی منداڵەکانی، کاتێک باران دەبارێت هەست دەکەن لە ئاسماندا تەنها بە ڕووی ئەواندا دەبارێت، هێندە کاریگەری لەسەر ژیانیان دروستدەکات، وتی: کاتێک بارانێک دەبارێت هەموو شەوەکە بە وشککردنەوەی کەلوپەل و منداڵەکانم بەسەردەبەم، بەتایبەت منداڵەکانم کە لە تەمەنێکی کەمدا ڕووبەڕووی سەختی ژیان بوونەتەوە، لە سەرمادا ناتوانن تەنانەت خەویشیان لێبکەوێت.

 

ئەم خێزانانە تەنها یەک کێشەیان نییە، بەڵکو لەگەڵ بارانبارین و دروستبوونی لافاودا سەرجەم خۆراکەکانیان تەڕ دەبێت و ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە، ئەو لافاوانەی لە ئەنجامی بارانبارین دروستدەبن، تەنها کامپەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو شەقام و کۆڵانەکانیشی گرتووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە ژیانی هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەیان زەحمەت بێت.