دوژمنایەتی تاڵیبان؛ لە چێشتخانە و هۆتێلەکان ڕێگە بە ژنانی بێ مەحرەم مەدەن

بەشی قەدەغەکردنی گروپی تاڵیبانی ژنکوژ فەرمانێکی دیکەی دژی ژنان دەرکرد و داوای لە خاوەن چێشتخانەکانی پارێزگای تەخار کرد، کە ڕێگە بە ژنانی بێ سەرپەرشت (بێ مەحرەم) نەدەن بچنە ناو چێشتخانە و هۆتێلەکانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشی "فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە"ی گروپی تیرۆریستی تاڵیبانی ژنکوژ، نامەیەک بۆ خاوەن چێشتخانە و هۆتێلەکانی پارێزگای تەخار بە بڕگەیەکی دیکەی یاسایی دژی ژنانی ئەفغانستان و دوژمنایەتی لە دژی ژنانی ئەفغانستان ناردووە و فەرمانی پێکردووە کە ڕێگە بە ژنانی بێ سەرپەرشت و بێ یاوەر نەدەن بچنە چێشتخانەکان و هۆتێلەکان.

 

هاوکات دەبێت لە کاتی نوێژی بەکۆمەڵدا، کارمەندان بوەستن لە پێشکەشکردنی خواردن و بردنی بۆ کڕیارەکان لە چێشتخانەکاندا، ڕاشیانگەیاند، مەبەست لەم فەرمانانەش بڵاوکردنەوەی ئەخلاق و ڕێگریکردنە لە خراپەکاری و بێ ئەخلاقی.

 

کاتێک گروپی بناژۆخوازی تاڵیبان لە ئەفغانستان هاتە سەر دەسەڵات، ژنان لە کایە کۆمەڵایەتییەکان دوور خرانەوە. تاڵیبان قوتابخانەی کچانی داخست و ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی قوتابیانی کچ لە هۆڵەکانی خوێندن و ڕێگری لە بەشداریکردنی فەرمانبەرانی ژن لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕێگری لە هاتوچۆکردنی ژنانی بەبێ مەحرەمی پیاو قەدەغە کرد.

 

هەروەها ئەم گروپە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و سواربوونی تەکسی شار و بوون لە شوێنە گشتیەکانی وەک پارک و پارکە گەشتیارییەکانی ژنانی قەدەغە کرد.