هێلین قەرەچۆخ؛ لە بەریتانیاوە بۆ شۆڕشی ژنان

بێریڤان قەرەچۆخ دەربارەی هێلین قەرەچۆخ، شەڕڤانی یەپەژە قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٨ گیانی بەخشی، ئەو بەشێک بوو لە شۆڕشی ڕۆژئاوا.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- تروسکی ئاگری شۆڕشی ١٩ی تەمووز کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوبووەوە، ڕووناکی خۆی بەخشییە ژنانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی جیهان، کە بانگەشەی دیموکراسی و ئازادیان دەکرد، هەروەها زۆرێک لە چالاکوانانی ژنان لە وڵاتەکانیان لە بزوتنەوە و ڕێکخراوەکانی فێمینیستیدا تێدەکۆشان و دڵیان بۆ شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لێیدەدا، ئانا کامپبێڵ، یەکێکە لە ژنانی بەریتانیا و ڕووی لە خاکی ژنان کرد، بە ئاناوە شۆڕشی ١٩ی تەمووز ئەمڕۆ  بووەتە شۆڕشێکی ئینتەرناسیۆنالیست، لە خاکی ڕۆژئاوادا تێکۆشانێکی نێودەوڵەتی و ئینتەرناسیۆنالیستی لە دژی دوژمنانی مرۆڤایەتی هەیە.

 

لە بەریتانیاوە ڕووی کردە شۆڕشی ژنان

ئانا کامپبێڵ، فێمینیست و ئانارشیست و چالاکوانی بەریتانی بوو. کە لە لویسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەدایکبووە، لە چەندین بزووتنەوەی سیاسیدا بەشدار بووە، لەوانە خۆپیشاندانی ساڵی ٢٠١٠ی خوێندکارانی بەریتانیا و کۆمەڵەی خاچی ڕەش و ڕێکخراوە ئانارشیستەکانی تر و ڕێکخراوی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی، لە دژی وشیاری دەوڵەت و دەسەڵاتی نەتەوە هەمیشە لە خەبات و گەڕاندا بوو بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەک ئەنجام بدرێت.

 

بە شەڕڤانانی ژن و شۆڕشگێڕانی یەپەژە کاریگەر دەبێت و لە مانگی ئایاری ٢٠١٧دا بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڕوات و ناوی هێلین قەرەچۆخ هەڵدەبژێرێت، لە شەڕی دژی داعشدا شانبەشانی هەڤاڵانی کورد و عەرەب و ئاشووری و سوریانی، بۆ ژیانێکی سەلامەت بۆ ژنان و کۆمەڵگە بەرگری دەکات و لە هەڵمەتە سەربازییەکانی دژ بە داعش لە ڕەقە و دیرەزۆر بەشداربووە.

 

هێلین قەرەچۆخ لە ١٥ی ئاداری ٢٠١٨ لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین گیانی لەدەستدا.

 

بەریتانیا خۆی بێدەنگ کرد، قامیشلۆ لەباوەشی گرت

دیرک کامپبێڵ، باوکی ئانا، داوای لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد بۆ فشارخستنە سەر تورکیا بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو، دیرک ڕایگەیاند کە حکومەتی تورکیا تا ئێستا گوێی لە هەموو داواکارییەکانی نەگرتووە و حکومەتی بەریتانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە پشتگیری دۆسیەکەی ناکات.

 

سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی بنەماڵەکە، حکومەتی بەریتانیا و دەوڵەتی تورک بێدەنگ بوون و نەیانتوانی تەرمەکەی وەربگرن و بیبەنە شوێنی لەدایکبوونی خۆی، تەرمەکە لە گۆڕستانی شەهید دەلیل سارۆخان لە قامیشلۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەخاک سپێردرا.

 

بێریڤان قەرەچۆخ، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باسی لە کەسایەتی و تێکۆشانی هەڤاڵی خۆی هێلین قەرەچۆخ کرد.

 

دڵنزم و ڕووخۆش بوو

بێریڤان قەرەچۆخ ئاماژەی بەوەدا، ڕۆحی پاراستنی هێلێن بەرز بووە و وتی: لە دژی ئەو سیستمە زاڵانەی کە مافی مرۆڤ و ئاژەڵیان پێشێل کردووە، ئێمە و هێلین لە هەموو شەقامێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک ژنی فێمینیست و گەنج خۆمان ڕێکدەخست، کەسایەتییەکی وەهای هەبوو کە دەیویست مافی ژنان و ژیان و کۆچبەران و پەنابەران و تەنانەت مافی ئاژەڵان بپارێزێت و ژینگەیەکی تەندروست دروستبکات، ناسینمان لە ئەوروپا دەستیپێکرد و لەگەڵ چەندین ژنی گەنج لە زۆر وڵاتی وەک ئیسپانیا و فەڕەنسا و سکۆتلەندا و ئینگلتەرا چەندین چالاکی ئەنجامدرا، بە وزە و پەرۆشی و خۆشەویستییەکی بێکۆتایی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەجێهێنا، زۆر دڵنزم و ڕووخۆش بوو.

 

"دەیوت دەچم و دەبمە بەشێک لە شۆڕش"

بێریڤان قەرەچۆخ، باسی لە یەکتر ناسینی لەبەر هێلیندا کرد و وتی: لەوانەیە تێگەیشتنی ئێمە پێشتر لە ڕووی سیستم و سیاسەت و کێشەکانی شۆڕشەوە قووڵ نەبووبێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەمان بووە هۆی هەنگاوێک، ئێمە زۆر هەوڵماندا ببینە شۆڕشگێڕ، بەڵام دوای چەند ساڵێک لە خەبات، تێکشکانێک ڕوویدا، ئێمە نەماندەزانی چۆن تێکۆشان و ڕێکخستنەکانمان پێشبخەین و هەنگاوێکی نوێ بنێین، لە پڕۆسەی سەرکوتکردنی وشیاری لیبراڵیزمدا بووین، بۆیە نەمانتوانی لەو چوارچێوەیە دەربچین، ئیتر ڕێگایەکی نوێ پێیوست بوو، لەو کاتەدا هێلێن ڕووی کردە شۆڕشی ڕۆژئاوا، بەڵام لەنزیکەوە بزووتنەوەی ژنانی کوردمان نەدەناسی کە لەگەڵ شۆڕشدا سەریهەڵدا، وتمان کە شۆڕش لەوێ دەستیپێکردووە، زۆر باشە و تەنیا پشتیوانی لێ دەکەین، نەماندەزانی بزووتنەوەی کوردایەتی چەندە بزووتنەوەیەکی ئینتەرناسیۆنالیستە و هەموو ژنانی جیهان لەباوەش دەگرێت، تێڕوانین و ناسین و خوێندنەوەی هێلێن زۆر قووڵ بوو بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا، هێلێن نەیوت من لە ژنانی کورد دەکۆڵمەوە و شتێکیان لەسەر دەنووسم، تەنیا وتی من دەچمە لایان و دەبمە بەشێک لەشۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

هێلێن ڕێگاکەی کردەوە

بێریڤان قەرەچۆخ، تیشکی خستە سەر خاڵێکی گرنگ و وتی: هاتنی هێلێن بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رێگەی بۆ زۆرێک لە ژنان خۆشکردووە کە بەشداری شۆڕشەکە بکەن، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، کە بتوانین ببین بە بەشێک لەم شۆڕشە، هێلێن ئەزموونەکانی لەگەڵ ئێمە هاوبەشکرد و هەمیشە دەیوت تۆ دەبێت بەشێک بیت لەم شۆڕشە و سەردانی مەیدانی شۆڕشی ژنان بکەی و بیناسیت، دوای ئەوە بڕیارمدا بڕۆم بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، فڕۆکەخانە بە هۆی هەلومەرجی سیاسیەوە ڕاگیرا، بەوەش هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین دەستیپێکرد لەوێ هەڤاڵمان هێلین قەرەچۆخ بۆ پاراستنی عەفرین گیانی بەختکرد، نەبووە نسیب کە جارێکی تر هێلین ببینم، بەڵام ئەوەی ئەو دەیویست لەمندا پێکهات، من لە شۆڕشەکەدا بەشداریم کرد و مێژوومان لە کوردستان و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕوون بوو، ڕاستییەکی پێشبینینەکراو بوو.

 

"ئێمە 'میوان' نین بەشێکین لە شۆڕش"

بێریڤان قەرەچۆخ ڕایگەیاند کە شۆڕشەکەیان شۆڕشێکی ئینتەرناسیۆنالیستە و لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: دوای ئەوەی هاتمە ڕۆژئاوا زۆر بەباشی تێگەیشتم کە شۆڕشەکەمان شۆڕشێکی ئینتەرناسیۆنالیستە، سەرەتا شەرممان دەکرد و پرسیار دروست دەبوو سەبارەت بەچۆنیەتی پشتیوانی لێکردن، بەڵام هەر شۆڕشگێڕێکی کورد پێیوتین کە ئەم شۆڕشە شۆڕشێکی ئینتەرناسیۆنالیستە، دەبێت بزووتنەوەکەمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەرە پێبدات، چونکە ئەو سیستمەی کە ئێمە دژیان دەجەنگین گشتگیرە و زۆر ڕێکخراوە، لەو کاتەدا بینیمان کە ئێمە میوان نەبووین و بەشێک بووین لە شۆڕشی ژنان.

 

"لە دژی هێرشە هەمەلایەنەکان، پاراستنی هەمەلایەن پێویستە"

بێریڤان قەرەجۆخ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکەی بەبیرهێنایەوە و لە کۆتایدا وتی: دەزانین ئەو سیستمەی لە ڕۆژئاوا دروستدەکرێت زۆر جیاوازە، چونکە دەوڵەتی تورک بە چەتەکانی هێرش دەکات، نەک بەتەنها بەڵکو بەریتانی و ئەمریکیشیان لەناودایە ئەوانیش دەگرێتەوە، هەموو هێزەکانی جیهان دژی پەرەسەندنی بزووتنەوەی ئازادیی کورد و شۆڕشن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لێرە بەرژەوەندیەکانیان وەک یەکن، لەبەردەم کۆمەڵگەکان سیناریۆیەک دروست دەکەن و دەڵێن شەڕ لەگەڵ یەکتر دەکەن، بەڵام دژی بیر و هۆش ناجەنگن، چونکە ئامادەن بەو پێیە هەڵسوکەوت بکەن، باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە هەڕەشە بۆسەر سیستمەکەیان دەزانن، بۆیە دەبێت ئێمە وەک ژنانی ئینتەرناسیۆنالیست لە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسییەوە سیستم و شۆڕشی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بپارێزین.