ژنانی ئێزدی: ناهێڵین ئەم هێرشانە بێ لێپرسینەوە بمێننەوە

ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سەرنجیان بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال ڕاکێشا و پەیامی بەرخۆدانیان دا و گوتیان، "تا ئێزدییەک هەبێت، شەنگال دەپارێزرێت".

شەنگال

 

لە ٢٧ی شوباتدا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە هێرشیان کردە سەر شەنگال و لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک، پیر چەکۆ و ئاگری جەفیری فەرماندەی یەبەشە شەهیدبوون، دوای ٢ ڕۆژ دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە شەنگالی کردە ئامانج و ئەمجارەیان هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی ئیدارەی ئاسایشی ئیزیدخان لە ناوەندی شاری شەنگال.

 

ئەندامانی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ بۆچوون و هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەو هێرشانە دەربڕی کە دەوڵەتی تورکیا لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕوویدا و لە ئەنجامدا دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.

 

هیچ هێرشێک بەبێ ئاگاداری عێراق ڕوونادات

پەریشان شەمۆ، ئەندامی تاژێ خستیەڕوو، بەبێ ئاگاداری دەوڵەتی عێراق هیچ هێرشێک بۆ سەر خاکی عێراق ئەنجام نادرێت و وتی: دوژمنەکانمان پێشەنگ و فەرماندەکانمان دەکەنە ئامانج، دەیانەوێت ئێمە بترسێنن، ڕاستە ئێمە بە شەهیدبوونیان زۆر ئازار دەچێژین، بەڵام هەرگیز لاواز نابین، لە بەرامبەریدا بەهێزتر دەبین، حکومەتی عێراق دەڵێت، شەنگال بەشێکە لە خاکەکەی، ئەگەر وەهایە، دەبێت بە هەڵوێست بێت بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا، با هەمووان بزانن کە هیچ هێرشێک لە شەنگال بەبێ زانیاری حکومەتی عێراق ڕوونادات.

 

پەریشان شەمۆ دووپاتی کردەوە کە وەک دایکانی شەنگال تا کۆتایی بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان و پاشەکشە ناکەن، هەرچەندە هێرشەکان توند بن، دەشڵێت: ناتوانین گلەیی لە دوژمن بکەین، چونکە ئەوان هەزاران ساڵە دوژمن بوون، ئێمە گلەیی لە کۆمەڵگەکەمان دەکەین کە خیانەت لە وڵاتەکەیان و خوشک و براکانیان دەکەن، بەڵام با بزانن چۆن سیخوڕەکانمان ئاشکرا کرد، ئەوانیش دەدۆزینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەین و دەریان دەکەین.

 

"بەهۆی دۆزی ئێزدییەوە دەکرێنە ئامانج"

نافیە مەشۆ، ئەندامی تاژێ، وتی: ئەمە یەکەمجار نییە پێشەنگەکانمان دەکرێنە ئامانج و دواجاریش نابێت، دوژمن لەبەر کەسایەتی پێشەنگەکان ناکەنە ئامانج، بەڵکو بەوهۆیەیە کە ئەوان پەیڕەوی لە بیرۆکە و فەلسەفەی ئازادی دەکەن، چونکە شوێن بیر و باوەڕی خۆیان کەوتوون، بۆیە دەبنە ئامانجی خیانەتکار و خۆفرۆشان.

 

"مەهێڵن منداڵەکانتان ببنە دوژمنی کۆکی خۆیان"

نافیە مەشۆ داوای لە کۆمەڵگەی ئێزدی کرد کە وریا بن بەرامبەر منداڵەکانیان بۆ ئەوەی نەبنە دوژمنی ڕەگ و ڕیشەی خۆیان و وتی: داوا لە هەموو کۆمەڵگەکەمان دەکەم ئەگەر گومانیان لە منداڵەکانیان هەبێت لە خیانەتکردن لە خاکەکەیان، بێدەنگ نەبن، ئاگاداری منداڵەکانتان بن، ناکرێت خیانەتێکی لەو شێوەیە لە بیر و باوەڕماندا گەشە بکات. ئەمە لە ئیمانی ئێمەدا قبوڵ ناکرێت، ئەو کەسانەی خوێنی خوشک و براکانیان دەفرۆشن بە ئێزدی نازانین، ئەگەر ئێزدی بن دڵیان لەگەڵ کۆمەڵگەکەیان دەبێت نەک لەگەڵ دوژمنەکانیان.