لە داهاتوودا پارێزگای نەینەوا ڕووبەڕووی چۆڵکردن دەبێتەوە
بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی ژینگەیی لە ماوەی دەیەی داهاتوودا ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا ڕووبەڕووی چۆڵبوون دەبنەوە و وشکەساڵی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەریان دەبێت.
ناوەندی هەواڵ
ڕاپۆرتی هاوبەشی ژینگەیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی "هاوپشتی" و "پاسەوانانی ڕووباری دیجلە"ی عێراقی هۆشداری داوە لە ئەگەری ئاوارەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، هۆکارەکەشی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکانە لەو ناوچانەدا.
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی ژینگەی عێراق، زیاتر لە ٤ ملیۆن دانیشتووی ناوچەکانی ڕۆژئاوای لە پارێزگای نەینەوا، بە تایبەتی دانیشتوانی شارۆچکەکانی شەنگال، تەلەعفەر و ئەلبەعج، بەهۆی وشکەساڵییەوە ناچار دەبن لە ٧ ساڵی داهاتوودا ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، پێدەچێت کۆچەکەشیان بەرەو هەرێمی کوردستان بێت.
هەرێمی کوردستان کە بە وتەی شارەزایان پێویستی بە دەیان بەنداو و کۆگای ئاو هەیە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوانەکەی، ڕووبەڕووی کەمیی ئاوی توند دەبێتەوە، ئەگەر نیوەی ئەو ژمارە چاوەڕوانکراوەی ئاوارە وەربگرێت، چونکە ژینگەی هەرێمی کوردستان بەدەست کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، وەک پیسبوونی هەوا و خاک و کەمبوونەوەی ئاو.
بەپێی وتەی پسپۆڕانی ئاو هەرێمی کوردستان بەدەست کەمی ئاوی بەرچاوەوە دەناڵێنێت، بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی پێویستی بە ١٨ بەنداوی زەبەلاح و نزیکەی ٢٤٠ بەنداو و خەزنەی ئاوی بچووک هەیە، کە هەموو ئەمانەش ٨ ساڵ دەخایەنێت تا بیناکردنی، ئەگەر ئەو پێشبینییانەی لە ڕاپۆرتی وەزارەتی ژینگەی عێراقدا هاتووە ڕاست بن، ئەوا هەرێمی کوردستان کە بەدەست کەمییەکی گەورەی سەرچاوە ئاوییەکانیەوە دەناڵێنێت، ڕووبەڕووی کارەساتێکی ژینگەیی و مرۆیی جددی دەبێتەوە کە پێویستە لەمەودوا پلانی بۆ دابنرێت.