"ڤیان جاف درکی بە زوڵم و زۆرداری سەر ژن و گەلی کورد دەکرد"

سارا ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، سەبارەت بە شەهید ڤیان جاف وتی: چالاکییەکەی شەهید ڤیان پەیامێک بوو بۆ ژنانی چەوساوە، تا چیدیکە لەژێر زوڵم و ستەمدا نەمێننەوە.

سلێمانی

 

سارا ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، باس لە خەبات و تێکۆشانی ڤیان جاف دەکات، کە وەک ژنێکی گەنجی باشووری کوردستان بە درککردن بە دۆخی چەقبەستووی کۆمەڵگە و چەوساندنەوەی ژنان ڕێگەی خەباتی گرتەبەر و بووە پشکۆی ئاگر بۆ شۆڕشی ژنان لە چوار پارچەی کوردستان.

 

سارا ڕەزا لە سەرەتادا ١٧یەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شەهید ڤیان جاف و هەموو شەهیدانی دیکەی ڕێگەی ئازادی بەبیردەهێنێتەوە، باسی لە تێکۆشانەکانی ڤیان جاف کرد و وتی: ڤیان جاف ژنێکی پێشەنگە و پێشەنگایەتی بۆ باشووری کوردستان کرد، ڤیان جاف هەمیشە دەیوت، ڕێبەر ئاپۆ ژیانە بۆیە لە چالاکییەکی گیانبازیدا کە بۆ شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی سەر ڕێبەری مرۆڤایەتی، عەبدوڵا ئۆجالان کردی گیانی خۆی بەختکرد، ڤیان جاف چالاکییەکەی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، ژنانی چەوساوەی باشووری کوردستان و گەلی کورد بوو، ئەمەش پەیامێک بوو بۆ ژنانی باشووری کوردستان کە چیدیکە زوڵم و زۆری سەر گەل و ژنان قبوڵ نەکەن، پەیامەکەی بۆ ویژدان نوستووەکان بوو، تا بە ئاگا بێنەوە و دۆخی هەیی ژنانی کوردستان تێبپەڕێت.

 

سارا ڕەزا ئەوەشی خستەڕوو کە، ڤیان جاف لە تەمەنێکی کەمدا هەستی بە ئێش و ئازادی گەلەکەی کرد، دەستکردن بە تێکۆشانیشی کۆکراوەکەی هەموو کارەساتەکانی ئەنفال، کیمیاباران، کۆڕەو و شەڕی ناوخۆ بوو، "سەرەڕای هەموو ئەمانەش ڤیان جاف درکی بە زوڵم و زۆری سەر ژنان دەکرد لە پارچەکانی دیکەیکوردستان و بە تایبەت لە باشووری کوردستان، ئێمە وەک ژنانی باشووری کوردستان، نامەکانی شەهید ڤیان کە بووەتە مانیفیستۆی ژنانی ئازاد لە باشووری کوردستان و چالاکییە گیانبازییەکەشی دەکەینە هێزی تێکۆشان لە ڕۆحماندا ماوەتەوە، سۆز دەدەین کە هەمیشە بەردەوام بین لەسەر ڕێبازی ڤیانەکان، ساکینەکان، ئەڤینەکان و زیلانەکان، ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەبەر ڕۆشنایی تێکۆشانی ڤیانەکان بە پێشەنگایەتی ژنان و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی سەرهەڵدان دەکرێت و ڕۆحی تێکۆشان بەرجەستە دەبێت".

 

لەیلا والی حسێن، ناسراو بە "ڤیان جاف" لە شەوی ١/٢٢ی شوباری ساڵی ٢٠٠٦ لە چالاکییەکی گیانبازیدا لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەی و شەرمەزارکردنی کۆمپلۆی نێودەوڵەتی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بە دروشمی "سەرلەنوێ واتادان بە وتەکانمان" لە چیای حەفتانین شەهید بوو.