هیمانی دالمیا: کۆرپە دوای تەمەنی چوار مانگی دەستدەکات بە ڕێکخستنی خەو و خۆراک

هیمانی دالمیا، شارەزا لە بواری خەوی کۆرپە ئاشکرای دەکات، ناڕێکیی خەو و خۆراک لە چوار مانگی سەرەتای تەمەنی کۆرپە ئاساییە و پێویست ناکات دایک و باوکان بشڵەژێن.

ناوەندی هەواڵ

 

هیمانی دالمیا، ڕاهێنەر و شارەزای شێوازەکانی خەوتنی منداڵ و کۆرپە لە هیندستان ئاماژەی بەوەکرد کە کۆرپە تا تەمەنی دوو مانگی زۆرینەی کاتەکانی ڕۆژانەی بە خەو تێدەپەڕێت، بەجۆرێک ئەندامەکانی جەستەی دوای تەمەنی چوار مانگی دەست بە رێکخستنی کات و سووڕی ژیانی ئاسایی خەوتن و هەستان لە خەو دەکەن.

 

دەربارەی ماوەی ئاگایی کۆرپە ئەو ژنە پسپۆڕە ڕایگەیاندووە کە ماوەی نێوان خەوەکانی کۆرپە لە ڕۆژێکدا و لە تەمەنی پێنج مانگیدا تا ٣٠ خولەکە، بەڵام لە مانگی چوارەمەوە درێژدەبێتەوە بۆ نزیکەی تا ٩٠ خولەک.

 

هیمانی دالمیا وتیشی: ''تا تەمەنی چوار مانگ کۆرپە دەبێت ڕۆژانە زیاتر لە ٥ جار کورتەخەو بکات، بەڵام لە تەمەنی ٥ تا ۱۲ مانگی پێویستە سێ جار کورتەخەو بکات و ژمارەی کورتەخەوەکان لە تەمەنی سەروو یەک ساڵی کەمدەبنەوە بۆ دوو جار خەوتن لە ڕۆژێکدا".

 

هەروەها ڕێنمایی دایکان دەکات بەوەی کە لە هەرکاتێکدا کۆرپە ماندووبوو پێویستی بە خەو دەبێت، هاوکات دەبێت ژینگەیەکی لەباری بۆ تەرخان بکرێت، چونکە خەو و شیری دایک تا تەمەنی ٦ مانگی دەبنە بنچینەیەکی کاریگەر بۆ تەندروستیی کۆرپە.