٤٣١ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووس تۆمارکراوە؛ زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوەیە

ئاماری ساڵانەی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری و پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بڵاوکرایەوە، تیایدا هاتووە کە ٤٣١ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٠١ ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراوە، بەڵام ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووس نەکراوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئوتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی لە مەراسیمێکدا ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ خستەڕوو.

 

هەژان خالید، توێژەر لە سەنتەری میترۆ، ئاماری کۆکراوەی خوێندەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی ڕابردوودا ٤٣١ پێشێلکاری بەرامبەر ٣٠١ ڕۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، کە زۆربەی پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و هێزی نەناسراوەوە بووە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر تیمەکانی ڕاگەیاندن، لەکاتی ڕوماڵکردنی ڕوداوەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردانەهاتووە و لە زۆربەی ئەو ڕووداوانەی کە بەهای هەواڵیان هەیە، ئاستەنگیان بۆ ڕۆژنامەنووسان دروستکردوە تا ڕوماڵەکانیان ئەنجامنەدەن.

 

ئاماری پێشێلکارییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان بەمشێوەیەیە؛

ڕێگریکردن ١٩٥ حاڵەت

زەوتکردن‌ و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی ٦٨ حاڵەت

هێرش ‌و هەڕەشە و سوکایەتی ٤٦ حاڵەت

دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا ٦٤ حاڵەت

دەستگیرکردن بەبڕیاری دادگا ٤ حاڵەت

لێدان ‌و برینداربون ٢٦ حاڵەت

داخستنی نوسینگەی کەناڵ ١ حاڵەت

هێرشی موشەکی ٢ حاڵەت

هەڵکوتانەسەر ماڵی ڕۆژنامەنووس ٣ حاڵەت

هێرشی ئەلیکترۆنی ٦ حاڵەت‌

پڕکردنەوەی بەڵێننامە ١٦ حاڵەت

 

ئەوەش خرایەڕوو، پێشێلکردنی یاساکە و ڕەفتاری دژ بەپره‌نسیپەکانی دیموکراسییەت ‌و مافی مرۆڤ، وایکردووە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادی ڕادەربڕین‌ و ڕۆژنامەگەری، ڕەخنە لە ئەدای دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان بگرن ‌و داوایان لێبکەن کە پێشێلکارییەکانی لەمەڕ مافی‌ ئازادی‌ ڕادەربڕین بوەستێنن.

 

ئاماری پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ژن نەخراوەتە ڕوو

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیدا ئاماژەی بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ژن نەکردووە، لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووسانی ژن باس لەوەدەکەن کە ڕووبەڕووی پێشێلکاری و جیاوازی ڕەگەزی دەبنەوە لە کاردا، تەنها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، کە ڕۆژنامەنووسانی ژن سەرەڕای بوونی توانا و لێهاتوویان لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، بەڵام بوونی دامەزراوە حزبی و توێژ و پشك پشکێنە و نەبوونی دەزگا و دامەزراوەی سەربەخۆ کاریگەرییان لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ژن کردووە.

 

 پەروین غەریب، ئەندامی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، باسی لەوەکرد کە ئەو ئامارانەی خرانەڕوو بەراورد بە پێشێلکارییەکانی ڕوودەدەن ڕێژەکەیان زۆر کەمترە، وتیشی: پێشێلکارییەکان زیاترن، چونکە بەشێک لەوانەی پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت لەلای سەنتەری میترۆ سکاڵایان نەکردووە، لە وڵاتی ئێمە یاسایەک نییە داکۆکی لە ڕۆژنامەنووس بکات، چەندین ساڵە ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی لێدان و ڕێگری و ئەشکەنجە دەبنەوە، بەڵام یاسا پاراستنیان ناکات و نمونەش زیندانیانی بادینانە.

 

هەژان خالید، توێژەر، باسی لەوەکرد ئامارەکان لەسەر بنەمای لێدوانی ڕۆژنامەنووسان لای سەنتەری میترۆ کۆدەکرێتەوە، دەکرێت بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت تۆمار نەکرابن، لەبارەی یاساوە دەڵێت: ڕێژەکە لەچاو ساڵی پاردا بەرز بووەتە، ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراوە بەبێ فرمانی دادوەر، کە ئەمە جێی پرسیارە، دەبێت ئەو یاسانەی بۆ بواری ڕاگەیاندن هەمانە، تەنها کۆمەڵێک قسەن لەسەر لاپەڕە، بۆیە دەبێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، لەکاتێکدا دەبێت یاسا سەروەر بێت.