نۆیەمین کۆنگرەی گشتی کۆنگرەی ستار بەڕێوەچوو

بە دروشمی "بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان، سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی سەردەخەین"، نۆیەمین کۆنگرەی گشتی کۆنگرە ستار بەڕێوەچوو.

حەسەکە

 

ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە ساڵی ٢٠٠٥ بەناوی یەکێتی ستار دامەزرا، دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ فراوانبوونی ژنان لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ژنان توانیان ڕێکخراوەکەیان فراوانتر بکەن و ناوەکەیان گۆڕی بۆ کۆنگرەی ستار، کە چەندین خەباتی گرنگ و هەمەلایەنەیان بۆ ژنان ئەنجامداوە.

 

دوێنێ بە دروشمی "بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان، سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی سەردەخەین"، نۆیەمین کۆبونەوەی گشتی کۆنگرەی ستار بە بەشداری هەزار ئەندام بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆریش لە نوێنەرایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان بەشداربوون، وەک ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنجومەنی ژنانی سوریا، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات-مەسەدە، پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە، کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا، ئیدارەی خۆسەر، دەستەی ژنان، پارتی سوریای داهاتوو و چەندین گروپی وەک سوری، ئەرمەنی، مەسیحی، عەرەب و کوردانی ئێزدی و ژنە سیاسەتمەدارەکان.

 

هۆڵی کۆنگرە بە وێنەی ژنە پێشەنگەکانی ئازادی و ئاڵای کۆنگرەی ستار و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "شەڕ دەکات ئازاد دەبێت، ئازاد بێت جوان دەبێت، جوان بێت خۆشەویست دەبێت" ڕازێنرابووەوە، پیرۆزبایی ١٨یەمین ساڵیادی دامەزراندنیان پیرۆز کرا، کۆنگرەکەش تایبەتکرا بە ڕاپەڕینی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

 

"کۆنگرەکە کرایە دیاری بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران"

کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە ئازادیخوازان دەستیپێکرد، دواتر وتاری دەستپێک لەلایەن ڕیحان لۆقۆ، ڕێکخەری کۆنگرەی ستاری ڕۆژئاوا، پێشکەشکرا: "ئێمە یادی ١٨ ساڵەی دامەزراندنی کۆنگرەی ستار و نۆیەمین کۆنگرەی خۆمان لە ساڵی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین، خۆشەویستی خۆمان بۆ ئەو ئازادیخوازانە دەردەبڕین کە ئەمڕۆ لە چیا ئازادەکان خەبات دەکەن و دەڵێین بوونی ئێوە بوونی ئێمەیە، هەموو ئەو پێشەنگانە بەبیردەهێنینەوە کە لەپێناو ئازادیدا گیانیان بەختکرد، بە پێشەنگایەتی شۆڕشی ژنان جارێکی تر بینیمان کە بە ڕۆحی شۆڕشی ژنان ڕاپەڕین دەستیپێکرد و ئێمەش کۆنگرەکەمان بە دروشمی گەردونی "ژن، ژیان، ئازادی" بەڕێوەدەبەین و سەردەکەوین، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی ژنان بووە جیهانی و ئێمەش وەک شۆڕشی ژنان دەڵێین بە گیان و ڕۆحی خۆمان لە پشت سەرهەڵدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوەین. ئەم کۆنگرەیە وەک دیارییەک بۆ ڕاپەڕینی ئەوان پێشکەش دەکەین".

 

پێش کۆنگرەی گشتی گۆنگرەی ستار لە هەرێمەکان کۆنفرانس بەڕێوەچوو، تەوەری سەرەکی کۆنفرانسەکانیش شکاندنی گۆشەگیری و ئازادکردنی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە، ڕیحان لۆقۆ وتی: بە ڕۆحی شۆڕش دەستمان پێکرد و بەو ڕۆحە کۆنگرەی خۆمان سەردەخەین، هیوامان ئەوەیە هەموومان بە ڕۆحی سەردەم مامەڵە بکەین، ئێمە بە ڕۆحی شەهیدانی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و ساکینە جانسیز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، سێوێ، پاکیزە، فاتمە و ئەمینە کارا و هەموو شەهیدی بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین و بەرخۆدانی گەلان، بەڵێن دەدەین کە بەردەوام بین تا سەرکەوتن.

 

دواتر پێرسپەکتیڤ-دیدگای عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لەسەر خەباتی ژنان خوێندرایەوە و فیلمێک لەسەر ژیاننامەی ڕێبەر ئۆجالان نمایشکرا، هەروەها فیلمێک دەربارەی شۆڕش و خەباتی ژنان لە جیهاندا نمایشکرا. پاشان ڕاپۆرتی دوو ساڵەی کۆنگرەی ستار خوێندرایەوە و لە کورتە ڤیدیۆیەکدا چالاکییەکانی کۆنگرەی ستار لە دەرەوەی وڵات و لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشاندرا.

 

هاوکات پەیامی پیرۆزبایی بۆ دامەزراندن و کۆنگرە خوێندرایەوە و پلانی دوو ساڵی کار و خەباتی داهاتوو خرایەڕوو، پەیمانی کۆنگرەی ستار خوێندرایەوە و گۆڕانکاری بۆ نوێکردنەوەی پێشەکییەکە کرا، لیژنەی سەرۆکایەتی و لیژنەی پێکەوەژیانی ئازاد و لیژنەی پاراستنی سروشت بۆ لیژنەکانی کۆنگرەی ستار زیادکران. جگە لەوەش لیژنەیەکی سیاسی و دیپلۆماسی دامەزرا بە ناوی پەیوەندی و هاوپەیمانی دیموکراتیک، دوای ئەوە هەڵبژاردن بەڕێوەچوو کە ٧ کەس وەک کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوا هەڵبژێردران و دوای هەڵبژاردن ئەندامانی کۆردیناسۆن کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار بەڵێنیان دا.

 

"لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادی بژی"

وتاری کۆتایی کۆنگرە لەلایەن گوڵە محەمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی هەرێمی عەفرین، خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە، لە کۆنگرەی نۆیەمی کۆنگرەی ستاردا پیرۆزبایی لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو ئەو ژنانە دەکەین، کە لەپێناو ئازادیدا گیانیان بەختکرد، ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ لەناو چوار دیوار دایە و قوربانییەکی گەورەمان بۆ دەدات، ئەرکی ئێمەیە شەو و ڕۆژ چالاک بین و ماندوو نەبین، دوژمن دەیەوێت ئیرادەی ژنێکی ئازاد بشکێنێت، ئەمڕۆ یەکگرتوویی ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە هێرشەکانی دوژمن پووچەڵ دەکاتەوە و گەورەترین وەڵامی بە دوژمن دایەوە، کەس ناتوانێت ئیرادە و یەکڕیزی ژنان لاواز بکات، بەڵێن دەدەین هەرگیز هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدان چۆڵ ناکەین. ئەمڕۆ ئازادیمان بەدەستهێناوە، ساڵی داهاتوو ساڵێکی زۆر گرنگە کە هاوپەیمانی لۆزان کۆتایی دێت، بۆیە دوژمن دەیەوێت دەستکەوتەکانمان بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام ئێمە وەک ژن دەستکەوتەکانمان لەدەست نادەین و خەباتمان زیاتر دەکەین، ئامانجمان ڕزگارکردنی شوێنە داگیرکراوەکانمانە لە داگیرکەران و بە ئازادی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ژیانە.

 

کۆنگرە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.