لە بەلوچ دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ٧ منداڵی دەستگیرکراو

کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچ ڕایگەیاند، کە حەوت منداڵی دەستگیرکراو لە بەلوچ لە بنکەی دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٨ی کانوونی یەکەم، کەمپەینی چالاکوانانی بەلوچ، کە یەکێکە لە ڕێکخراوە چالاکەکانی مافی مرۆڤ لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران، ڕایگەیاند کە لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا ٧ منداڵی بەلوچی بێناسنامە، کە لە کاتی خۆپیشاندانی سەرتاسەریدا دەستگیرکراون و لە بنکەی دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی پاسداراندا بوون، دەستدرێژی سێکسییان کراوەتەسەر.

 

کەمپەینەکە ڕاشیگەیاندووە، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا وردەکاری زیاتر بڵاو دەکاتەوە و نووسیویەتی: یەکێک لەو منداڵانەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر ئاماژەی بەوە کردووە، کە  ئەو دەستدرێژیکارانەی هێزەکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران بە عەرەبی قسەیان لەگەڵ یەکتر کردووە و ئێرانی نەبوون.