گروپە هاوکارییە مەدەنییە بیانیەکان لە ئەفغانستان کارەکانیان وەستاند

پێنج ڕێکخراوی باڵای ناحکومی کار لە ئەفغانستان کارەکانیان ڕاوەستاند، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە قەدەغەکرا ژنان کار لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیەکان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

تاڵیبان کە لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە دووبارە دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەوەدەست، هەموو ڕۆژێک بڕیاری قەدەغاکاری لەسەر ژنان دەردەکات و نوێترین بڕیاری ئەوەیە کە لە ژنانی قەدەغەکرد لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیەکاندا کاربکەن، ئەم بڕیارەش دوای ئەوەدەێت کە چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە خوێندکارانی کچی قەدەغەکرد بچنە زانکۆو بخوێنن.

 

تاڵیبان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هەر ڕێکخراوێکی کرد کە بە خێرایی پابەند نەبێت بە قەدەغەکردنەکەوە، لە دوای بڕیارەکە ژمارەیەک لە گروپە هاوکارییەکان قسەیان کردووە و داوایان کردووە کە ڕێگە بە ژنان بدرێت بەردەوام بن لە کارکردن بۆیان.

 

لە کاردانەوەی ئەوەدا، چاودێری نێودەوڵەتی، ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی "NRC" و ڕزگارکردنی منداڵان وتیان کە ناتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان "بەبێ کارمەندی ژن".

 

سەرکردەکانی چاودێری نێوەدەوڵەتی و ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی و پاراستنی منداڵان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان کە "رێکخراوەکان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە نەیانتوانیوە وەک پیویست هاوکاری بگەیەننە ملیۆنان ئەفغانی پێویست، بەڵام ئەوە بۆ کارمەندە ژنەکانیان نەبوو، ئێمە لەدوای بڕیارەکە بەرنامەکانمان هەڵپەساردو داوا دەکەین کە ژنان و پیاوان بتوانن بە یەکسانی بەردەوام بن لە هاوکارییەکانی ژیانمان لە ئەفغانستان".

 

کۆمیتەی رزگارکردنی نێودەوڵەتی "IRC" کە سێ هەزار ژنی لە سەرتاسەری ئەفغانستاندا دامەزراندووە، ئاماژەی بەوەکرد، کە توانای گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان پشتی بە ستافەکانی ژن لە هەموو ئاستەکانی ڕێکخراوەکەیاندا بەستووە و ئەگەر ژنان نەبن ناتوانن کاربکەن.

 

ڕامیز ئەلاکبارۆڤ، ڕێکخەری باڵای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی داوە قەدەغەکردنەکە پێچەوانە بکاتەوە و ئەوە هێڵی سوورە بۆ هەموو کۆمەڵگەی مرۆیی، قەدەغەکردنەکە کاریگەری مرۆیی وێرانکەر دەبێت لەسەر ملیۆنان پیاو و ژن و منداڵی لاواز لە سەرتاسەری وڵات ئێمە نیگەرانین کە ئەم حوکمە تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە چوونی خوێنکارانی کچ بۆ زانکۆو پەروەردە سنوردارکرا".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت گەیاندنی یارمەتی مرۆیی لە ئەفغانستان بوەستێنێت ئەگەر دەسەڵاتدارانی تاڵیبان قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لەگەڵ ڕیکخراوەکان هەڵنەوەشێنێتەوە.