باران بارین لە دوو شاری عێراق زیانی گیانی لێکەوتەوە

بەھۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە بەسڕە و ناسڕیە دوو کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئێوارەی دوێنێوە ٢٣ی کانونی یەکەم، شەپۆلێکی بەخوڕی بارانبارین و ڕەشەبا زۆربەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو.

 

لە بەسڕە بەھۆی داڕوخانی خانوویەک منداڵێک گیانی لەدەستدا و چوار ئەندامی خێزانەکەشی برینداربوون و کارەباش لە زۆربەی گەڕەکەکان بڕاوە، لە ناسڕیەش خانوویەک داڕووخا و بەھۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.

 

لە پارێزگاکانی بەغداد و کەربەرلا و بابل و واست و دیالە و سەڵاحەدینیش بارانبارین و لافاو بووەتە ھۆی پچڕانی کارەبا و داخستنی بەشێک لە ڕێگە و شەقامە سەرەکییەکان، لە پارێزگای بابلیش ئەمڕۆ کراوەتە پشوو و وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقیش تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمی لە زانکۆکان دواخستووە.

 

هەروەها بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغدا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، کە تیمەکانی بەرگری شارستانی خێزانێکیان لە ناوچەی "ئەل تۆبجی" لە تەنیشت بەغدا-کەرخ چۆڵکردووە، لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی بەشێک لە سەقفی ماڵەکەیان بەهۆی چڕی بارانەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە خێزانەکە بەتەمەنیان تێدابووە و بەبێ تۆمارکردنی زیانی مرۆیی دەرهێنران، شریتی ئاگادارکردنەوەش دانراون بۆ ڕێگریکردن لەنزیکبوونەوەی هاوڵاتیان لەو ماڵەی کە خەریکە دەکەوێت.