"نیازە یاسای ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق نیگەرانی دروستکردووە"

ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادی ڕۆژنامەگەری، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیشک دەخاتەسەر پێشێلی ئازادی ڕادەبرێن و ڕۆژنامەگەری لە عێراقدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی نەخیل بۆ ماف و ئازادی ڕۆژنامەگەری بە بۆنەی ٧٥ ساڵیادی پەسەندكردنی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەدەکات کە هەڕەشە و فشارەکان دۆخی تۆقاندن لە کاری میدیادا چەند هێندە دەکات.

 

لە بەیاننامەکەی ناوەندی نەخیلدا باس لەوەدەکات کە ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەرفەتێکی گرنگە بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی مافی مرۆڤدا، کە لە ئێستادا لە سەرووی نیگەرانییەکانی تاک و گەلانەوەیە و لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ ڕادەی شارستانییەت و پێشکەوتن و فاکتەری گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی وڵاتان دەپێورێت.

 

سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق، ناوەندی نەخیل ئاماژەی بەوەداوە، کە سەرەڕای پێشکەوتنی ڕێژەیی لە هەندێک بواردا، هێشتا دۆسیەی مافی مرۆڤی گشتی بەدەست کەموکورتییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت و ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، "لەم ڕۆژانەدا پەرلەمانی عێراق بە نیازە خوێندنەوە و یاسادانان بۆ یاسای 'ئازادی ڕادەربڕین' بکات، ئەمە نیگەرانییەکی بەرفراوان تەنانەت لەلایەن ئەو کەسانەشەوە دروستدەکات کە پشتگیری لەم یاسایە دەکەن، بەو پێیەی زاراوەی فراوان لەخۆدەگرێت کە ڕەنگە تەنانەت سەرەتاییترین پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکانیش سنووردار بکات، لە کاتێکدا یاساکانی مافی زانیاری و توندوتیژی خێزانی هێشتا ساڵانێکە لە شوێنی خۆیدایە".

 

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە عێراق لە ژێر هەڕەشەدایە

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری، لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە دامەزراوەیەکی میدیایی ڕووبەڕووی هەڕەشە و هەڵکوتانە سەریان بووەتەوە، ئەمە جگە لە بەردەوامی پراکتیزەکانی هەڕەشەکردن و هاندان و ناوزڕاندنی ڕۆژنامەنووسان، بەتایبەتی لە هەندێک پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە لایەنە سیاسی و چەکدارەکانەوە هەیە و کەشێکی تۆقاندنیان بۆ کاری میدیایی و ڕۆژنامەوانی دروستکردووە.