ملیۆنان منداڵی ئۆکراینی ڕووبەڕووی سەرمای زستان دەبنەوە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لەبارەی هاتنی زستان و مەترسی سەرما لەسەر منداڵانی ئۆکراینی دەدات، ئەمەش دوای هێرشی وێرانکەری ڕووسیا بۆ ژێرخانی وزەی وڵاتەکە دێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هانس کلوگێ، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ئەوروپا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ئەم زستانە ژیانی ملیۆنان کەس لە ئۆکراینا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، ئەمەش لەسەر منداڵان زیاترە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکانی ژێرخانی وزەی ئۆکراینا کە کەوتە بەر هێرشی دڕندانەی ڕووسیا کاریگەری وێرانکەری لەسەر سیستەمی تەندروستی و تەندروستی دانیشتووان هەبووە، هانس کلوگێ ڕوونیشیکردەوە، ڕێکخراوەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا لە مانگی شوباتەوە زیاتر لە ٧٠٠ هێرشی بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکانی ئۆکراینا ژماردووە، کە بە بۆچوونی ئەو "پێشێلکارییەکی ڕوون"ی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنێت.

 

بەو واتایەی کە سەدان نەخۆشخانە و دامەزراوەی تەندروستی بە تەواوی کار ناکەن، پێشبینیش دەکەن دوو بۆ سێ ملیۆن کەسی دیکە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەدوای گەرمی و ئاسایشدا بگەڕێن.