داوا دەکرێن ٢٥ی نۆڤەمبەر مینبەری مزگەوتەکان بۆ هۆشیاری بەکاربهێنرێت

ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەرمیان داوا لە بەرێوەبەرایەتی ئەوقاف دەکەن مینبەرەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەکاربهێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان بۆ هەڵمەتی ٢٥ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕێکخراوەکانی ژنانی گەرمیان سەردانی بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی شارۆچکەکەیان کرد.

 

لە سەردانەکەیاندا ڕێکخراوەکانی ژنان داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف کرد، مامۆستایانى ئاینى لە وتاری ڕۆژی هەینیدا، هاوکاتی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر سەکۆی مینبەرەکان تەرخان بکەن بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.

 

ژنان داواشیانکرد، لە وتاری ڕۆژی هەینیدا مامۆستایانی ئاینی باس لە دیاردەی فرەژنی بکەن و ببنە ڕێگەیەک بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگری لە توندڕەوی  لەناو خێزان و لەلایەن ڕەگەزی نێرەوە بۆ سەر منداڵ و ژنان بخرێتە بەر باس.