ژنانی قامیشلۆ داوای تێکۆشان و بەرخۆدانیان کرد

ژنانی قامیشلۆ کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشانداو وتیان: "ئێمە بە تانک و توپ لەناوناچین، دەست لە خاکەکەمان بەرنادەین و لەسەر پێی خۆمانین و هەمیشە تێکۆشان و بەرخۆدان هەیە".

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- لە ١٩ی تشرینی دووەم، دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کۆبانێ، دێرک، شەهبا، دربەسپی، شەرا و زرگان و شارەکەیان بە قورسی بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدا، ١٤ هاوڵاتی کە ڕۆژنامەنووسێکی ANHAی تێدابوو کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، لە شاری قامیشلۆ- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دژی هێرشەکان کاردانەوە نیشاندراو جەختیان کردەوە و کە بەرخۆدان و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

 

"ناتوانن ئێمە لەناوببەن"

سەعدیە حسێن لە شەقامی هیلالی ناوچەی قامیشلۆ - باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەسەر هێڵی سنوورە ڕایگەیاند کە کورد بە بەئامانج گرتن و بەو شێوەیە لەناونەچووە، وتی: ماڵەکانمان لەسەر هێڵی سنووری نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستانن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری هێرشەکانی بۆ سەر ئێمە زیاتر کردووە لەسەر ئەو زەمینەیەی کە هێڵی سنووری خۆی دەپارێزێت و هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکوژێت، هەزاران ژن و لاوی ئێمە بەهۆی دڕندەیی و هێرشی تورکیای فاشیست و نامرۆڤانەوە شەهید بوون، ئێمە خاکی خۆمان جێناهێڵین، ئەگەر قوربانیش بدەین، ئەوا تەسلیمی دەوڵەتی تورک نابین، ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین، داگیرکاریی تورکیا ناتوانێت مافی ڕەوای ئێمە لەدەستمان ببات، ئەوان هەمیشە دەیانەوێت ئێمە لەناو ببەن بەڵام با بزانن کە کورد هەرگیز لەناوناچێ ئێمە لە هەموو شوێنێکین.

 

"بانگەوازمان بۆ پێکهاتەکان هاودەنگیی و یەکگرتنە"

ڕەسمیە محەممەد لە گوندی جرنکی سەر بە شاری قامیشلۆ و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەسەر هێڵی سنووریش دەژی، داوای لە پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد یەکبگرن و وتی: ئێمە بێدەنگی لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکەین، بەهۆی چونە ناو هێڵی سنوورەوە ژیانی ژنان و منداڵان لە مەترسیدایە، چونکە دەوڵەتی تورک هێرشی دڕندانە ئەنجام دەدات، بانگەوازی ئێمە بۆ هەموو پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوەیە کە یەکبگرن و بۆ تێکشکانی پیلانی داگیرکاری تێبکۆشن.

 

"سەرکەوتن بە دەستی ژنان بەدەست دەهێنرێت"

ڕەسمیە محەمەد، تیشکی خستە سەر بەئامانج گرتنی ژنان لە هەموو هێرشێکی دڕندانەدا و دووپاتی کردەوە کە بە ئیرادەی ژنان سەردەکەون و وتی: جارێکی دیکە ژنانی پێشەنگمان بەدەستی فاشیزمی تورک شەهید بوون و بە توندی ئیدانەی هێرشە سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراوەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر ژنان دەکەین، با ئەردۆغان بزانێت ئیرادەی ئێمەی ژنان ناشکێنرێت و ژنان دەبنە بۆمب و خۆیان لە سنگی دوژمندا دەتەقێننەوە.

 

"ئێمە واز لە وڵاتەکەمان ناهێنین"

حەلیمە عەبدولرەحمان، ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای ئەو هێرشانەی کرایە سەریان، بەڵام خاکەکەیان بەجێناهێڵن و وتی:  "ڕۆژی ١٩ی تشرینی دووەم، ئێوارەی ٢١ی تشرینی دووەم دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر شاری کۆبانی و شەهبا و دربەسپی و دێرک تا ئێستا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوەوە برینداریش هەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت خاکەکەمان بەجێ بهێڵین و ئەو ناوچانە چۆڵ بکەین بۆ ئەوەی بەئاسانی چەتەکانیان تێدا بڵاوبکەنەوە، دەڵێین ئەمە خەونێکە بۆ ئەوان و ڕوونادات، ئێمە وڵاتەکەمان جێناهێڵین، هیچ ترسێکمان لە کەس نییە هێز و ئیرادەی ئێمە لە دڕندەیی ئەوان گەورەترە بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت شەڕێکی تایبەت لە دژی ئێمە بەرپا بکات، دەیەوێت ترس بخاتە دڵی خەڵکەوە، بەڵام ئیرادەی ئێمە لە هەموو ئەو پلانانە بەهێزترە".

 

حەلیمە عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەدا کە بێدەنگی لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکەن و وتی: دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و ڕوسیا تا ئێستا هیچیان بۆ ئەم گەلە نەکردووە و دەڵێن کە ئەوان هاوپەیمانی ئێمەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان وانین، تا ئێستا ئەم دەوڵەتانە کاردانەوەیان نەبووە و ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەو کارانە دەکەین خەڵکی بێتاوان دەکرێنە ئامانج، تێکۆشانمان لە دژی ئەم شەڕە بەهێز دەکەین.