سلێمانی، ئازادیخوازان داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێران و تورکیا دەخەن

دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، چالاکوانان  و ئازادیخوازان لە شاری سلێمانی گردبوونەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ، لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی چالاکوانان و ئەندامی ڕێکخراوەکان و ئازادیخوازانی چوار پارچەی کوردستان دژی هێرشەکانی سوپای ئێران بۆسەر باشووری کوردستان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا چڕ بووەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین بریندار هەیە، گردبوونەوە و داوایانکرد هێرشەکان بوەستێنرێت.

 

بەیاننامەیەکی هاوبەش لەلایەن هێمن مامەند، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، خوێندرایەوە و تێیدا ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێرانیان کرد و ئاماژەی بەوەدا، "دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە درێژە بەمانەوەی خۆی بدات، لەکاتێکدا ڕژێمی ئێران هێرشەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی، ئەم ڕژێمانە دژی هەموو هەبوون و دەسکەوتێکی گەلی کوردن."

 

وتیشی: تورکیا دەسەڵاتی خۆی لەسەر کۆمەڵکوژی قڕکردنی گەلی کورد بنیادناوە، مان و نەمانی خۆی بەستووەتەوە بە لەناوبردنی کوردەوە، بە شۆڕشی ژنان و ئازادیخوازان ڕژێمی تورکیا بەرەو نەمان دەچێت، چونکە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایش نەیتوانی سەرکەوتوو بێت بەسەر گەلی کوردا، هاوکات دەوڵەتی تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی نزیک دەبێتەوە و بە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر باشوور وڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی پاراستنی میدیا دەیەوێت هەستی نەژادپەرستی لە تورکیا بوروژێنێت تا سەرکەوتوو بێت تیایدا."

 

لە کۆتای بەیاننامەکەدا جەختیکردەوە کە دەبێت گەلی کورد دژی ئەم هێرشانە بوەستێتەوە و هەڵوێستیان هەبێت، بە تێکڕا بەشداربووانی گردبوونەوەکە دروشمی "نەفرەت لە فاشیزم و داگیرکاری، بژی ئاشتی، نەفرەت لە شەڕ، سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلی کورد"یان وتەوە.

 

"ئەمڕۆ شۆڕش شۆڕشی ژنە"

بەیان فەرەج، چالاکوان، کە لە گردبوونەوەکەدا بەشداری کردبوو، وتی"ئێمە ئیدانەی ئەو هێرش و کۆمەڵکوژیەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە دەیکاتە سەر باشووری و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا بەردەوام هێرش دەکات، چونکە گەلی کورد گەلێکی ئازادیخوازە و داوای مافەکانی خۆی دەکات و ڕۆژ بەڕۆژ لە بەرەوپێشچوندایە، ئەمڕۆ شۆڕش شۆڕشی ژنە و بێگومان سەردەکەوێت، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش کەمتەرخەمن و بێدەنگن لە ئاست ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیادا، پێویستە بێنەدەنگ".