پەروین یوسف: وەڵامی هێرشەکان بەرخۆدانی گەلە

ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە، پەروین یوسف، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەوی ڕابردوو لە دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەم شێوەیە هەڵسەنگاند؛ "ئامانجی شکاندنی بەرخۆدانی گەل و تۆڵەسەندنەوەی شکستی داعشە".

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- شەوی ڕابردوو دەوڵەتی تورکیا ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەوانە، کۆبانێ، دێرک، شەهبا، دربەسیی، شەرا و زرگان بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کرد. بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر کۆبانێ، لە ئەنجامدا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، ٦ کەسیش بریندار بوون. جگە لەوەش لە هێرشەکاندا خاڵەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە گرێسپی و شێراوا و زرگان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆردومان کران و بە گشتی ١٤ سەربازی حکومەتی دیمەشق گیانیان لەدەستدا و ١٥ سەربازیش بریندار بوون.

 

سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک- پەیەدە، پەروین یوسف سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە گیانیان لەدەستداوە و هیوای شیفای بۆ بریندارەکان خواست، وتیشی: لە دوێنێوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشەکانی دەستپێکردووە، دەیەوێت جارێکی دیکە شارەکانمان داگیر بکاتەوە، بۆیە لەم کاتەدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی فراوانتر دەکات و هەوڵی ئەوە دەدات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت. هەربۆیە سیناریۆیەکی لە ئیستەنبوڵ دروستکرد بۆ ئەوەی حوکمی داگیرکاری خۆی لە ناوچەکانی ئێمەدا بکات، دەیەوێت بەم فێڵ و یارییە باوەڕپێنەکراوانە هێرش بکاتە سەر گەل.

 

بەردەوامیی بەرخۆدان

پەروین یوسف، سەرنجی بۆ سیاسەتی گەندەڵی دەوڵەتی تورکیا ڕاکێشا، کە دەیەوێت تا هەڵبژاردنی تورکیا هەندێک یاری دیکە لە ڕێگەی کوردەوە ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گەلی تورکیا متمانەیان پێبکاتەوە و وتیشی: هەموو کەس دەزانن کە خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەتی کورد، بەرخۆدانێکی باوەڕپێنەکراویان کرد، ئیرادەی گەلەکەمان بۆ درێژەدان بە خەبات و بەرخۆدان و لەسەر خاک لەبەرچاوی جیهان نیشاندرا. دەوڵەتی تورک خۆی لەسەر کوشتن و لەناوبردنی گەلەکەمان بنیاد دەنێت، هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٣ی تورکیا نزیک دەبێتەوە، ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی گرێبەستەکەی ئەردۆغانە، بۆیە دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت متمانەی گەلی تورکیا بەدەستبهێنێت. بۆ ئەوەی درێژە بە پرۆسەی حزبەکەی و حکومەتەکەی بدات، بە کوشتنی ئێمە دەژی. ئێستا کارەکانی ئەردۆغان بۆ خەڵکی تورکیا ئاشکرا بووە، ئێستاش گەل پڕ بووە لێی. پێویستە خەڵکی تورکیا داوای لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکەن. کەس باوەڕ بەو سیناریۆیە ناکات کە لە ئەستەنبوڵ ڕوویدا، چونکە وڵاتەکەیان پارێزراو نییە.

 

پێروین یوسف ئاماژەی بەوەدا کە چالاکیی بەرامبەر هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدەدرێت و وتی: با ببین بە دڕک بۆ چاوی دوژمن، بە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆمان دەتوانین هێرشەکان تێکشکێنین، دەوڵەتی تورکیا چووەتە دۆخێکەوە کە دۆست و کەسەکانی باوەڕ بە سیاسەتەکانی ناکەن، بەرخۆدان و خۆڕاگری گەل و ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە دروستبووە هێرشەکان تێکدەشكێنێت و شۆڕشی سوریا تەنیا بە نەتەوەیەکی دیموکراتیک و یەکگرتوویی گەل بەدیدێت.