ڕۆژنامەنووسان گرفتەکانی کۆمەڵگە بە کەرتی تەندروستی دەگەیەنن

لە هەرێمی ڕاپەڕین بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاپەڕین لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی کەمکردنەوەی گرفتە تەندروستییەکان کرا، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆژەی بەشداریپێکردنی کۆمەڵگە بۆ چارەسەری گرفتە تەندروستیەکانی سەردەم بەڕێوەچوو.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەرین- لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتی تەندروستی بۆ پرۆژەی بەشداریپێکردنی کۆمەڵگە بۆ چارەسەری گرفتە تەندروستیەکانی سەردەم، لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی ڕاپەڕێن و لێپرسراوی بەشی پتەوکردنی تەندروستی لەگەڵ نوێنەری بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین کۆبوونەوە و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردە لەپێناو کەمکردنەوەی گرفتە تەندروستییەکان خرانەڕوو.

 

ناجیە حامید قادر، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی ئاماژەی بە ئامانجی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دا کە لەپێناو بەشداری پێکردنی کۆمەڵگەیە لە پرسە تەندروستیەکاندا، وتیشی: یونیسێف پڕۆژەکە بەڕێوەدەبات، لە سنوری پارێزگای سلێمانی ساڵانە چەند جارێک کۆلێرا و نەخۆشی بڵاودەبێتەوە، ئامانجی پرۆژەکەش بەدەستخستنی زانیاری و هۆکارەکانە، بۆ ئەمەش دەبێت کۆمەڵگە بەشداریپێبکرێت و لەم کۆبوونەوەیەدا ڕاگەیاندنکارانمان دەستنیشانکرد، چونکە تا ئێستا ڕاگەیاندکارەکان پرسیاریان لە خەڵک و لە ئێمەی تەندروستکاران کردووە کە هۆکارەکان چین، ئێمەش دەمانەوێت ئەوان بەشداربن و لە ئاگادارکردنەوەی ئێمە لە ئەنجامی بەدواداچوونی میدیاکان لە کۆمەڵگەدا.

 

ئەو کێشانەی لە کۆمەڵگەدا هەن، کۆمەڵگەی خۆی درکی پێدەکات، ئامانجی پرۆژەکەش وەک ناجیە دەڵێت، ئەوەیە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنکارانەوە کێشەکانی کۆمەڵگە بزانن، "ساڵانی ڕابدوو پڕۆژەی هاوشێوەمان هەبووە، سوودی زۆرمان لێبینیوە و توانیومانە چەندین کێشە چارەسەر بکەین".