ڕاپەڕینەکان درێژەیان هەیە و گیان لەدەستدان و برینداریش بوونی هەیە

سەرەڕای سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕازییان و گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئازادیخوازان، شەوی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران، شۆڕشگێڕان شەقامەکانیان چۆڵ نەکرد و لە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی پێی ناوەتە ٦٥هەمین ڕۆژی خۆیەوە، شەوی ڕابردوو زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران گۆڕەپانی خۆپیشاندان و ئامادەبوونی زۆری شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان بوون.

 

لە شارەکانی سنە، سەحنە، پیرانشار، دیواندەرە، قشم، ئەردەبیل، بابل، بهشەهر، کامیاران، سەمیرم، بۆکان، مهاباد، هەمەدان، ئیزە، میاندوئاب، ئەراک، بەندەرعەباس، تەبرێز، خوی، جوانڕۆ، تاران، دێهگولان، قەزوین، دورگەی قشم و شارەکانی تریشدا ئازادیخوازان بە ئامادەبوونی زۆریان لە شەقامەکاندا ڕایانگەیاند کە تا ئازادی و سەرکەوتن بەدەستنەهێنن، شەقام چۆڵ ناکەن و درێژە بە ڕاپەڕینەکەیان دەدەن.

 

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە، بە داگیرساندنی ئاگر و دروستکردنی بەربەست و وتنەوەی دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "خامەنەیی بکوژە، حکومەتەکەی نایاساییە" و "ئێمە نامانەوێت حکومەتێکی منداڵکوژ" ناڕەزایەتییان دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دەربڕی.

 

ئەو وێنانەی لە شاری تویسرکانەوە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە لە کاتی کۆبوونەوەی شەوانەی خەڵکدا، نووسینگەی ئیمام جومعەی شارەکە ئاگری تێبەردراوە. هەروەها خۆپیشاندەران لە شارەکانی ئەردەبیل و بابل، بنکە و ناوەندەکانی بەسیج و لە شاری سمیرام، ئیسفەهان بنکەی پارێزگاریان ئاگر تێبەرداوە، لە میاندوئاب گەنجانی شۆڕشگێر ئاگریان لە بنکەی پۆلیسی شارەکە بەردا و لە پیرانشاریش خۆپیشاندەران ئاگریان لە فرۆشگای "غانام"ی سەر بە سوپای پاسداران بەردا، لە شاری کامیارانیش چەندین شوێن ئاگری تێبەردراوە.

 

هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەقاندنی گولـلەی جەنگی خۆپیشاندەرانیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بریندار یان کوژراون، تا ئێستا ژمارەی وردی قوربانیان لەبەردەستدا نییە.

 

شەهریار محەممەدی خەڵکی بوکان، حەمیدرەزا ڕوحی تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی تاران، دوو کەس لەو کوژراوانەی شەوی ڕابردوون کە ناسنامەکانیان پشتڕاست کراوەتەوە.