دوای چوار ساڵ، ژنکوژێک بەسزای یاسایی گەیشت
بکوژی "ڕوئیا سەباح" کە هاوژینەکەیەتی و پلەی سەربازی هەیە لە بەغدا، دوای چوار ساڵ لە تاوانەکە بە سزای یاسایی گەیشت.
سلێمانی
ئاشتی عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی جێندەر لە نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی: "لەنێو ئەو هەموو ڕووداوە ناخۆشەدا، دوێنێ یەکلاکردنەوەی حوکمی تاوانبارێک دڵنیایی کردین، کە درەنگ بێت یان زوو، یاسا هەر دەبێت سەروەر بێت، چوار ساڵ پێش ئێستا هەواڵی مەرگی ژنێک ئاگری بەردایە دڵی دایک و باوک و ئازیزانی، ڕوئیا لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا بریندار دەکرێت، لەدوای (٥٧) ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات، پاش تێپەربوونی ٤ ساڵ تۆمەتبار، کە هاوژینی ڕوئیا بوو، بە ناوی (ش.ل) پلەی سەبازی هەیە لە بەغدا بەسزای یاسایی گەیشت.".
وتیشی: "ترس و هەڕەشە کردن لە سکاڵاکار و دەستتێوەردانی دەرەکی بۆ سوڵح، ڕێگربوون لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەی ڕوئیای جوانە مەرگ، چەند مانگێک پێش ئیستا کاک سەباح باوکی ڕوئیا تێلێکی بۆ کردین کە فریای بکەوین و هەقی کچی کوژراویان نەفەوتێت، دواتر بۆ گوێگرتن لە تەواوی کێشەکە و بەربەستەکان، سەردانی بەشی جێندەری نوسینگەی کرد لە شاری سلێمانی و داوای هاوکاری و پشتیوانی کرد، کە دۆسیەکەی بە لاڕێدا نەبرێت و تۆمەتبار بە سزایی یاسایی بگات".
ئاشتی عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕێگەی پارێزەرانی سکاڵاکار و پارێزەرە خۆبەخشەکانی بەشی جێندەر توانرا چاودێری دۆسیەکە بکرێت، لە بەرواری ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە دادگای تاوانەکانی ١ بڕیار درا بە بەندکردنی بۆماوەی ٨ ساڵ بەپێی مادە ٤٠٥/٢٩ لە یاسایی سزادانی عێراقی .
لە کۆتاییدا نووسیویەتی: "باوکی جەرگ سووتاو دوێنێ پەیوەندی کردەوەو وتی کە ئاوێک کرا بەو ئاگرەی لەدڵماندا بوو، بەڵام هێشتا داوای تەمیز دەکەینەوە و ئەو سزایە کەمە بۆ تاوانبارێک، دڵنیاییمان پێدا کە جگە لە پارێزەرە بەڕێزەکانی سکاڵاکار، تیمی پارێزەرە خۆبەخشەکانمان جارێکیتر پشتیوان و هاوکاریان دەبن، دەبێت ئەوە بڵێین کە دەبێت دادگا سەربەخۆ و یاسا سەروەر بێت و ڕێگە نادرێت فشار و هەڕەشە بۆ سەر سکاڵاکاران و هیچ دەستتێوەردانێک هەبێت بۆ دەربازبوونی بکوژان و ئەوانەشی هۆکارن بۆ کوشتنی ژن".