مانگرتنی کاسبکاران لە شاری سەردەشت

بازرگانانی شاری سەردەشت، لەگەڵ شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە درێژەی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی و ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ مانگرتنی بەرفراوانیان ئەنجامدا.

سەردەشت

 

دوێنێ، ١٥ی تشرینی دووەم، دوکاندار و بازاڕەکانی سەردەشت دوابەدوای بانگەوازی یادی ڕاپەڕینی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ و درێژەی ڕاپەڕینی جەماوەری ژن، ژیان، ئازادی، دوکانەکانیان داخست. هاوکات ژنانی سەردەشت بەبێ باڵاپۆش لە بەردەم دامەزراوە سەربازییەکانی سەردەشتدا دەڕۆیشتن.

 

دوکاندار و بازرگانانی شاری سەردەشت مانیانگرت و وەک هاودەنگی و پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەل و بۆ ڕێزگرتن لە کوژراوانی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دوکانەکانیان داخست. کچان بە قژی کراوەوە لە شەقامەکاندا دەڕۆیشتن و چوارڕێیانەکەی شێخ مەولانا پڕ بوو لە هێزی تایبەت بۆ سەرکوتی هەر خۆپیشاندانێک.

 

هەروەها ژنان بە بێ باڵاپۆش بە بەردەم فەوجەکەی سنووردا دەسوڕانەوە و تێدەپەڕین، چونکە خۆپیشاندانەکان حیجابی زۆرەملێی ڕەتکردەوە و تا ئاستێک ئازادی هێنایە کایەوە.