پەروین بوڵدان: ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان شەرەفی ڕۆژنامەگەری ئازادن
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە کاردانەوەی دەستگیرکردنی شەبنەم کۆرور فینجانچی و ٩ ڕۆژنامەنووس وتی: "ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەستگیرکراون شەرەفی ڕۆژنامەگەری ئازادن".
ئەنقەرە
رۆژی ١ی تشرینی دووەم، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە پەرلەمانی تورکیا، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتەکە وتارێکی پێشکەشکرد و لەبارەی دەستگیرکردنی ٩ ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ژن نیوز وتی: "تاوانی ئەم رۆژنامەنووسانە نووسین و بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان بووە و زیندانیکردنیان زەوتکردن و لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتییە لە بەدەستگەیشتنیان بۆ زانیاریی و هەواڵی ڕاست و دروست. هەروەها هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر گەل".
ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵات زۆر پێویستی بە کار و زانیارییەکانی رۆژنامەنووسە ڕاستەقینەکان هەیە، نەک نووسین و هەواڵە ساختەکانی ئەو کەسانەی خۆیان بە ڕۆژنامەنووس دەزانن و بە ڕێنمایی راستەوخۆی کۆشک کاردەکەن، وتیشی: "ڕۆژنامەنووسە زیندانیکراوەکان سیمبولی میدیای ئازاد و شکۆی دیموکراسیەتن، لێرەوە ڕێز و خۆشەویستی خۆم ئاڕاستەی یەکە بەیەکەیان دەکەم، لێرەوە پێتان دەڵێم، پێنووسی بەهاداری ئێوە مێژوویەکی پڕ شکۆ و شانازی تۆمار دەکات و ئەوانەی پێنووسەکەی ئێوەی کەلەپچە کردووە، ناویان لە مێژووی ڕەشدا تۆمار دەکرێت".
هەروەها پەروین بوڵدان سەرنجی ڕاکێشایە سەر دەستگیرکردنی شەبنەم کۆرور فینجانچی، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی کۆمەڵەی پزیشکی تورکیا و وتی: "بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان هەموو ڕۆژێک پەنا بۆ سیاسەتی ستەم و توندوتیژی و پڕوپاگەندەی هەڵە دەبەن و شەبنەمیان دەستگیرکرد، ئەو شوێنەی کە شەبنەم لێی ڕاوەستاوە ڕێک لایەنی ڕاستیە، ئەوە بەرەی دیموکراسییە لایەنی ئاشتی و پێکەوەژیانە و بەرەی دژە جەنگە".