ڕاپەڕینی سەرتاسەری؛ بەردەوامی دەستگیرکردن و دادگاییکردن

زیاتر لە شەش هەفتەیە ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلانی ئێران بەردەوامە و ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، چالاکوانان، خوێندکاران و هاوڵاتیانی دیکە دەستبەسەر دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران زیاتر لە شەش هەفتەیە بەردەوامە و کۆماری ئیسلامیش لەپێناو کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان و پاراستنی دەسەڵات بەردەوامە لە هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و هاوڵاتیان.

 

بە پێی ئەو هەواڵانەی دوێنێ بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی ١٥ خوێندکار لە کاتی دەرچوونیان لە زانکۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زانکۆی ئازادی ئیسلامشار دەستبەسەر کراون. ناسنامەی ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستبەسەرکراون، بەمشێوەیەیە، مەهسا فەتوحی، موحدسە میرزایی، ئەشکان بەقایی، ئایدا ڕۆستەمی، مەهرداد قەدەمی، محەمەد مەهدی جەهاندیدە و ئیلهام یوسفی.

 

هەروەها مەرزیە زیاری، فێمینیست و چالاکوانی مافی ژنان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان مەرزیە ئامادەنەبووە دەرگا بەڕووی هێزە ئەمنییەکاندا بکاتەوە، بەڵام ئەوان کە بە سێ ئۆتۆمبێلەوە لەوێ بوون، بەسەر دیوارەکەدا سەردەکەون و بە زۆر دەستگیریان کردووە.

 

بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە، هلیا بەرخیی تەمەن ١٨ ساڵ و دانیشتووی تاران، محەمەد شیخاڵی خەڵکی شیناوای پیرانشار و هەنیە عەزیزی خەڵکی بوکان، مین سەلیمی خەڵکی سەردەشت، ئەیوب خاوەری خەڵکی مەریوان و تەمەن ٢٣ ساڵ، زانیار نەبەردی خەڵکی مەهاباد، شیما یوسفی و پەریناز مورادی لە قوتابیانی گوندی "دەرلەک"ی مەهابادیش دەستبەسەرکران. هەروەها حەماسە پارسا نوسیندە، ئەکتەری سینەما بەهۆی بڵاوکردنەوەی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری دەستبەسەر کراوە.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە کۆماری ئیسلامی بە دانانی دادگای گەورە بۆ خۆپیشاندەران هەوڵی دروستکردنی تیرۆر لەناو هاوڵاتییان و کۆنترۆڵکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری دەدات، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر یەکێک لەو گەنجانە، کە تەمەنی ٢١ ساڵە، لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداربووە لەلایەن دادگای فەلایی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.