بەرخۆدانی ئازادیخوازان لە دژی دڕندەیی خامنەیی

دوای ٢٥ ڕۆژ ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە، ئازادیخوازان لە شارەکاندا بە تایبەت سنە، بە بەرەنگاربوونەوەی دڕندەییەکانی خامنەیی بوونەتە سیمبولی مێژوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە دژی حکومەتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران پێی ناوەتە ٢٦ەمین ڕۆژەوە، شەوی ڕابردوو زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی ئامادەبوونی زۆری خۆپیشاندەران لە شەقامەکان بوون.

 

هەرچەندە کەشێکی ئەمنی بەهێز لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بەڵام شەوی رابردوو سەرەڕای بوونی فڕۆکەی جەنگی بۆ سەرکوتکردن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، جارێکی دیکە بەرخۆدانی ناوازەی خۆپیشاندەران لە دژی دڕندەییەکانی خامنەیی دەستیپێکرد، کورد و ئازادیخوازانی سنە کۆنترۆڵی شەقامەکانیان کرد و ڕایانگەیاند تا ئازادی بەدەست نەهێنرێت و داگیرکاران دەرنەکرێن، بێدەنگ نابن.

 

لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، کرماشان، دێوگۆلان، مەریوان، بانە، بۆکان و شارەکانی دیکە، خۆپیشاندەران ڕژانەوە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژ بە سیستەمی دەسەڵاتدار دەوتەوە، ئاگریان کردەوە و ڕێگاکانیان داخست و دروشمیان لەسەر دیوارەکان دەنووسی بۆ درێژەدان بە ڕاپەڕینەکەیان تا ڕووخاندنی دیکتاتۆر و ڕژێمی داگیرکاری ئێران، سەرچاوەکانی ئاژانسی نوژنها فڕنی فڕۆکەی جەنگیان بە ئاسمانی کرماشاندا پشتڕاست کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا لە بەرزییەکی زۆر کەمەوە فڕیون بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای خۆپیشاندەران.

 

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بریندارەکان لە ماڵەوە چارەسەر دەکرێن بۆ ئەوەی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیر نەکرێن، بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت تا ئێستاش هیچ ئامارێک نییە لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی شەوی ڕابردوو.

 

هه‌روه‌ها له‌ سیستان و به‌لوچستان و شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران، له‌وانە ئه‌سفه‌هان، وه‌رامین، فولادشار، یه‌زدانشار، تاران، که‌زرون، مه‌شهه‌د، قوم، ته‌بریز، ئه‌کبه‌تان، شیراز، قه‌زوین، ئه‌راک، هۆرموزگان، به‌نده‌ر عه‌باس، ئه‌هواز، مۆرۆده‌شت و شاره‌کانی دیکه ڕاپەڕین بەردەوامە و خۆپیشاندەران بە بەکارهێنانی مۆنۆتۆف-کۆکتێل هێزەکانی بەسیج و سوپایان کردە ئامانج و شەقامەکانیان گرتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.

 

باس لەوەش کراوە کە لە زۆربەی شارەکان خەڵک لە پەنجەرەکانەوە دروشمیان دەوتەوە و یاوەری خۆپیشاندەرانی شەقامیان کردووە. هەروەها شۆفێرەکان بە لێدانی هۆڕن چەندینجار هێزە سەربازییەکانیان ترساندووە. هێرشەکە بۆ سەر بنکەکانی بەسیج بەردەوام بوو و ژمارەیەک لە هێزەکانی بەسیج لێیاندرا.