لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتنی گشتی دەستیپێکرد

لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتنی گشتی دەستیپێکرد، شەوی ڕابردووش خۆپیشاندانی بەرفراوان لە زۆربەی شارەکان بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لەسەر داوای پارتی ژیانی ئازادی كوردستان-پژاك، كۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-كەژار و كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-كۆدار، کە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول لە بانگەوازییەكی هاوبەشدا، داوایان لە هەموو گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئازادیخوازان لە ئێران کرد بە مەبەستی شەرمەزاركردنی ڕژێمی ئێران و پاڵپشتی لەو ڕاپەرینەی بە پێشەنگایەتی ژنان بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکردووە، ڕۆژی شەممە، ١ی تشرینی یەکەم بەشداری مانگرتنی سەرتاسەری بكەن.

 

لە بانگەوازیەدا داوا لە ژنان، كرێكاران، خوێندكاران، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران، مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكان، کاسبکاران و دوکانداران، چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی، وەرزشكاران، هونەرمەندان، جوتیاران و ...هتد كراوە، تیكۆشانی ئازادی تێپەڕی قۆناخێكی نوێ و بەرفراوانتر بكەن.

 

دوای ئەو بانگەوازییە ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتنی گشتی دەستیپێکردووە، هاوکات ڕۆژی ھەینی تا درەنگانی شەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە سنە و سەقز و کرماشان و ئەھواز و چەندین شاری دیکەی ئێران بەردەوامی ھەبووە و ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسک ڕێژیان بەکارھێناوە و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

 

هەروەها لە سیستان و بەلوچستان ڕاپەڕینی خوێناویی لە دژی زوڵم و زۆرداری ڕژێمی ئیسلامی دەستیپێکرد و لە چواردەهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکاندا هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیسلامی لانیکەم ٥٨ کەسیان کوشت و ٢٧٠ کەسیشیان بریندار کرد.