تاڵیبان بۆ هاوڵاتیانی بەلخاب: لە هەر ١٠ ژنێکی گەنج یەکێکیان بهێن بۆمان

مێژوو جارێکی دیکە خۆی دووبارە دەکاتەوە، ڕەنگە ئەمجارە ژنانی هەزارە لە بازاڕەکانی ئەفغانستاندا وەک کۆیلە بفرۆشرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان لە ناحیەی بەلخاب لە ئەفغانستان، تاڵیبان داوای لە هاوڵاتیان کردووە لە هەر ١٠ ژنێکی گەنج یەکێکیان ڕادەستی تاڵیبان بکرێن.

 

سەرچاوە خۆجێییەکانی ئەفغانستان ڕایانگەیاندووە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە شەڕی بەلخابدا ئاوارەبوون و پەنایان بۆ شارەکانی نزیک بردووە، ژنانی گەنجن کە نەیانویستووە بکەونە دەستی تاڵیبان. جگە لە کۆمەڵکوژی هاوڵاتیان و کوشتنی ژن و منداڵ و پیاوانی بێچەک، تاڵیبان فشاری خستووەتە سەر هاوڵاتیانی هەرێمەکە بۆ ئەوەی لە هەر ١٠ ژنێکی گەنج یەکێکیان ڕادەستی ئەوان بکەنەوە، پیاوانی خێزانەکانیش هەوڵیانداوە خۆیان لە شار بمێننەوە و ژنەکان لە شار دەربکەن بۆ ڕزگارکردنیان لە دەستدرێژی و فرۆشتن لە دەستی تاڵیباندا.

 

گروپە ئیسلامییە چەكدارەكان كە لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتانی جیاواز دامەزراون، لەوانە ئەفغانستان و عێراق و سوریا، ژنان و بەتایبەت ژنانی گەنج دەكەنە ئامانج و دەستدرێژی دەکەنە سەریان و دەیانەوێت ئیرادەیان بشكێنن، چونكە دەستگرتن بەسەر ژناندا دەستگرتنە بەسەر کەرامەت و شەرەفدا و ئەمانە بەشێکە لە کولتوری پیاوسالاری هەزاران ساڵەی فەرمانڕەوایی ئەم ناوچانە.

 

ئەو ژنە گەنجانەی کە لەلایەن ئەم هێزە سەربازی و گروپە توندڕەوانەوە دەڕفێنرێن، لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە دەفرۆشرێن یان لە ماڵی فەرماندەکاندا وەک خزمەتکار کار دەکەن، ئێستا ئیسلامییە توندڕەوەکانی تاڵیبان چاویان لەسەر ژنانی بەلخابە کە لە پێکهاتەیەکن بە ناوەی "هەزارە"، تاڵیبان ململانێکانیان بە دەرفەتێک زانیوە بۆ ئەوەی نەریتی پیاوسالاری و ژنکوژی هەزاران ساڵەی خۆیان زیندوو بکەنەوە و وەک داعش کە هەزاران کەسیان لە ژنانی گەنجی ئێزدی ڕفاند و کردیانن بە کۆیلە، ژنان بکەنەوە بە کۆیلە.

 

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، لەكاتێكدا وڵاتان بەتایبەت زلهێزەكانی جیهان چاویان لەم كارانەی تاڵیبان دادەخەن و لە هەوڵی ئەوەدان دانبنێن بە ئەو گروپە توندڕەوەدا وەك حكومەتی فەرمی تاڵیبان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، تەنانەت زۆرێك لە وڵاتانی وەک ئێران، توركیا، چین و ڕووسیا دەستیان کردووە بە بازرگانیکردن لەگەڵ تاڵیباندا.