لە کۆمەڵکوژییەکی کامپی مەغازیدا ٧٨ کەس گیانیان لەدەستدا

یەکێک لە توندوتیژترین هێرش و کۆمەڵکوژییەکان کە ئیسرائیل لە سەرەتای دەستدرێژیەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامی داوە، بۆردوومانکردنی چوار ماڵە لە کامپی مەغازی، کە ٧٨ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەس تا ئێستا لە ژێر داروپەردوودا ماون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیسرائیل بۆ سێهەم مانگە لەسەریەک بەردەوامە لە بۆردوومان و هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ٢٥ی کانوونی یەکەم بۆردوومانێکی توندوتیژ لە نزیک گوندی بچووکی ئەلزەوایدا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە ئەنجامدرا و ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، لە هێرشێکیشدا بۆ سەر خان یونس ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی پەنجا لێدانی یەک لە دوای یەک بۆ سەر ناوەندی کەرتەکە ئەنجامدراون.

 

ئێوارەی دوێنێ ئیسرائیل بۆردوومانی چوار ماڵی دانیشتووی کامپی مەغازی لە ڕۆژهەڵاتی دێر ئەلبەلا لە کەرتی غەززە کرد و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا و بەهۆیەوە ٧٨ کەس کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، ئەمەش بە یەکێک لە قورسترین هێرشەکان دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە بۆ سەر غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.

 

پێدەچێت ژمارەی گیان لەدەستدان لەو کامپەدا بەرز ببێتەوە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ژمارەیەک خێزانی شوێنە جیاوازەکان لەناو کامپەکەدا.

 

لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی گەمارۆدراوی غەززە بۆ ماوەی ٨٠ ڕۆژ، زیاتر لە ٢٠ هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە کاتێکدا هەزاران کەس هێشتا لە ژێر داروپەردوودا ماون، هەروەها زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسی کەرتی غەززە بە زۆر ناچار بوون ئاوارە بن و لە ماڵەکانیان هەڵبێن.