ئەڤین جومعە: بەئامانجکردنی ژێرخان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی

ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی جزیرە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەدا بە ئامانجکردنی ژێرخان تاوانێکی مرۆییە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیا لە ٤ی تشرینی یەکەم هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بۆردوومان کرد و بە زۆری ژێرخان و خزمەتگوزاری کردە ئامانج، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستداوە و زیانی ماددی زۆریش دراوە، بە گوێرەی زانیارییەکان بەهۆی هێرشەکانی سەر وێستگەی کارەبا ١٠٠ گوندی عەین عیسا بەبێ کارەبا ماونەتەوە.

 

ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی هەرێمی جزیرە، هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیای بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵسەنگاند.

 

"زیاتر لە ٤٥ دامەزراوەی خزمەتگوزاری بە ئامانج گیران"

لە سەرەتای قسەکانیدا ئەڤین جومحە ئەنجامی هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند و وتی: "لە ٤ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی تورکیا بە توندی هێرشی کردووەتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەتی ناوچەی جزیرە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، زیاتر لە ٤٥ دامەزراوەی خزمەتگوزاری کرانە ئامانج و بە توندی تاڵانکران، زۆرێک لە ناوەندەکانی وزە و کارەبا و نەوت و گاز ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوون، کە ئێستا لە خزمەتگوزاری وەستاون، هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان ڕاگیراون و ئەمەش مەترسییەکی گەورە دروست دەکات، دەبێتە هۆی هەڕەشەیەک لەنێو خەڵکدا، چونکە ژیان بەو شێوەیە وەستاوە.

 

"١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە ٨یان خەڵکی مەدەنین"

ئەڤین جومعە ڕایگەیاند، ١٥ کەس کە لەناویاندا ٨ هاوڵاتی مەدەنی هەن، ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئەندامێکی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک هەن گیانیان لەدەستداوە، لە لایەکی دیکەوە، ١٠ بریندار هەبوون، لەنێویاندا ٧ هاوڵاتی مەدەنی، منداڵێک و دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەن، هێرشەکان تا ئەم ساتەش نەوەستاون.

 

"تورکیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات"

ئەڤین جومعە ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تاوانی جەنگە دژی مرۆڤایەتی وتی: بەگوێرەی یاسا و بنەماکانی جەنگی نێودەوڵەتی، ئەم کردەوانە تاوانی جەنگن، چونکە شوێنە ئامانجکراوەکان سەربازی نین، ئەمە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە، پێداویستییەکانی ژیان ڕاستەوخۆ دەکرێنە ئامانج، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە زۆرینەیان کەسانی مەدەنین.