"تاڵیبان هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی ژنان دەدات"

ڕۆژنامەنوسانی ڕادیۆی دەنگی ژنان "star fm" لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژە بەوەدەکەن، پێشێلکارییەکانی تاڵێبان دژ بە ژنان لە ئەفغانستان دانەبڕاوە لە کردارە نامرۆڤانەکانی دژی ژنان لە جیهاندا و بۆ بێدەنگکردنی ژنانە.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- لەو کاتەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە سنووری بۆ ژنان داناوە و لە زۆربەی مافەکان بێبەشی کردوون، وێستگەی ڕادیۆی "دەنگی ژنان"ی لە بەدەخشان داخست، کە تاکە وێستگەی ڕادیۆی ئەفغانییە ژنان بەڕێوەی دەبەن، بە بیانووی ئەوەی لە مانگی ڕەمەزاندا مۆسیقا پەخش دەکات، بۆ دەستپیکردنەوەی پەخشیش لەژێر مەرجی تونددا، فەرمانی دەرکردووە کە ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان دەکات چاوپێکەوتن لەگەڵ ژناندا بکەن.

 

ڕادیۆکە ڕووبەڕووی چەندین زەحمەت و بەربەست بووەتەوە لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندا، چونکە هەمیشە هەوڵدەدات ڕاستییەکان بڵاوبکاتەوە و گوێ لە دەنگی ژنان بگرێت و ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە پەرەپێدان و پەروەردەکردنی ژناندا.

 

سەبارەت بە داخستنی "دەنگی ژنان" لەلایەن تاڵیبانەوە و ئەو مەرجانەی کە بۆی دانراوە بۆ ئەوەی بتوانێت دووبارە پەخش بکاتەوە، ڕۆژنامەنوسان لە ڕادیۆی "star fm" لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕای خۆیان خستەڕوو.

 

"ئەوان لە پێنووس ژن و دەنگی ژن دەترسن"

لیلاف حەسەن، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی "star fm" ئاماژەی بەوەکرد پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا پەیوەندییان بە یەکتریەوە هەیە و وتی: ژنان لەلایەن هەموو دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانەوە دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، لەوانەیە ئەنجامدەرەکە بگۆڕێت، بەڵام ئامانجەکە هەمان ئامانجە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنان، دوای ئەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنترۆڵ کرد، دەستیان کرد بە سەپاندنی سنووردارکردنی ژنان، بوون و ڕاستی ژنیان کردە ئامانج و یاسای توندیان بەسەر ژناندا لەناو کۆمەڵگەدا سەپاند.

 

ڕوونیشیکردەوە لە هەر شوێنێک ژنان هەبن، ترسناکترین پێشێلکاری لە دژیان ئەنجام دەدرێن و لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکرێن، بەتایبەتی ئەوانەی لە بواری ڕاگەیاندندا کار دەکەن و دەیانەوێت ڕاستییەکان بە کۆمەڵگە نیشان بدەن لە ڕێگەی کامێرا و پێنووسەکانیانەوە، زیندانەکانی تورکیا و ئێران پڕن لە ژنانی ڕاگەیاندنکار کە بەردەوام کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان و ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوودەدات دوور نییە لە سیاسەتی ئەم وڵاتانە.

 

"ناتوانن دەنگی ئێمە بە پێشێلکارییەکانیان ڕابگرن"

لیلاف حەسەن ئاماژەی بەوەشکردووە، تاڵیبان ڕێگەی داوە بە دەستپێکردنەوەی پەخشکردنی دەنگی ژنان لەژێر مەرجی تونددا و وتی: تەنانەت ئەگەر ڕادیۆکە دوای داخستنی لەلایەن تاڵیبانەوە پەخشی دەستپێبکاتەوە، ئەوا کاریگەری زۆری نییە، چەندین مەرج بەسەر کارمەندانی ڕادیۆدا سەپێندراوە بۆ دووبارە پەخشکردنەوە، لەوانە میوانداریکردنی پیاوان و وەرنەگرتنەوەی ژنان، لە هیچ پەخشێکدا چیتر دەنگی ژنان ناکەوێتە بەر گوێی بیسەران، ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە ئەوان تەنانەت لە دەنگ و بیرکردنەوەی ژنانیش دەترسن، چونکە ژنان لە هەرشوێنێک بن، ئاشتی، خۆشەویستی، ڕێکخستن، یەکگرتوویی و پێکەوەژیان هەیە.

 

"بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە ژنان دەکەنە ئامانج"

میدیا سلێمان، یەکێکی دیکە لە بەڕێوەبەرانی ڕادیۆکە وتی: ئەگەر بمانەوێت ڕوونکردنەوە بدەین لەسەر هەندێک ڕووداو، دەبینین ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوودەدات دوور نییە لەوەی وڵاتانی دەسەڵاتدار لە دژی ژنان دەیکەن، هەموویان دەیانەوێت ڕاستی ژنان بشارنەوە، کاتێک دەیانەوێت کۆنترۆڵی هەر کۆمەڵگەیەک بکەن، دەست دەکەن بە بەئامانجکردنی ژنان لە هەموو بوارەکاندا.

 

تاڵیبان هەوڵدەدات دەنگی ژنان بێدەنگ بکات و ڕاستییەکانی خۆی بشارێتەوە، ژنانی بێبەش کردووە لە خوێندن و بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و تەنانەت دەربڕینی بیروڕاش لەبەرئەوەی لە بیرکردنەوەی ئازاد و ویستی بەهێزیان دەترسێت.