ژن، ژیان، ئازادی، خەباتێک دژی دڕندەیی

شۆڕشی ژینا شۆڕشێکە کە جیهانی گرتەوە، نەک تەنها بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئێران بەڵکو شۆکێک بوو بۆ دڕندەیی و بەربەرییەت لە جیهان، لە هەموو شوێنێکی ئەم زەوییە دەنگی ژن، ژیان، ئازادی دەبیسترێت، منداڵانی ئەم دروشمە منداڵی خۆڕاگرین، لەو ئاگرەی کە دایکانیان هەڵگیرساند.

ناوەندی هەواڵ

 

شۆڕشی ژینا شۆڕشێکە کە جیهانی گرتەوە، نەک تەنها بۆ ڕووخانی ڕژێمی ئێران بەڵکو شۆکێک بوو بۆ دڕندەیی و بەربەرییەت لە جیهان، لە هەموو شوێنێکی ئەم زەوییە دەنگی ژن، ژیان، ئازادی دەبیسترێت، ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو پێویستە لەگەڵیدا بژین، شێوازێکی ژیانە کە لە دونیای ئەمڕۆدا پێویستە، جا چ جیهانی پیشەسازی و پێشکەوتوو بێت کە ژن وەک کاڵا و لە شێوەی بوکە شووشە نمایش دەکات، یان ئەو جیهانە تەقلیدییەی کە هێشتا ژن وەک مرۆڤێکی ناتەواو دەناسینێت کە تەواوکەری پیاوە.

 

شۆڕشی ژینا ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە بە چەندین پرسیار و هانیدەدات بۆ بیرکردنەوە و هۆشیاربوون و ڕووبەڕووی ئەو واقیعانە دەبێتەوە کە ساڵانێکە لەژێر سایەی ئایین و کلتوور و یاسا شاردراوەن.

 

ئەم دەمامکە کۆنە ئەو ئەهریمەنییە لادەبات کە دوژمنانی هۆشیاری هەزاران ساڵە لەسەر ڕووخساری هەر مرۆڤێکیان داناوە، بێ هۆ نییە شۆڕشی ژینا گەنج و پیر و ژن و پیاو و دیندار و غەیرە ئایینی کۆکردۆتەوە و ڕیز کردووە.

 

یاخیبوونێک بۆ هەموو کاتێک

بیرۆکەیەکی هەڵەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە دوای سەرکەوتن و لە داهاتووی ئێراندا خەباتی " ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی دێت، ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕێگایەکی دوور و درێژمان ماوە لە داهاتووی ئازادیدا، ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵمان لەسەر شانە، کە ئەو منداڵانەی کە ژن و ژیان وەک شتێک لە دەرەوەی ئێستا خەیاڵ دەکەن، هەنگاو بنێنە سەر ئەم ڕێگایە، بۆ ئەوەی ئازادی ڕاستەقینە دروست بکەن و ناچار نەبن خۆیان بدەنە دەست ئەو دیلێتیەی کە ئێمە پێمان بەخشیوون.

 

منداڵانی " ژن، ژیان، ئازادی" منداڵی خۆڕاگرین، لەو ئاگرەی کە دایکانیان هەڵگیرساند و هیچ ئومێدێکیان بۆ کوژاندنەوەی نییە، لە ڕەچەڵەکی ژنێکەوە کە سەرکردە نییە، پیرۆز نییە بەڵکو خەباتکارە و شەریف و شۆڕشگێڕانە پیاو و ژن پەروەردە دەکات.

 

منداڵانی " ژن، ژیان، ئازادی" ئاگری ژێر خۆڵەمێشن

ئەو تێکۆشەرانەی بەرگەی شەهیدبوون دەگرن بەڵام بەرگەی دیلێتی ناگرن، ئازادانە دەژین بەڵام چۆک دانادەن، خۆڵەمێشی ژێر ئاگرن کە ئەگەر با لە دوژمنەوە هەڵبکات، دەگیرسێنن، منداڵانی " ژن، ژیان، ئازادی" ژیان بە ئازادی دەڕازێننەوە، بە پراکتیزەکردنی یەکسانی دەبنە بانگخوازی دادپەروەری بۆ هەموو جیهان.

 

ڕەنگە شۆڕشەکەی ژینا ئەو شۆڕشە بێت کە جیهان چاوەڕێی دەکات، هەمان دادپەروەری، هەمان یەکسانی، هەمان ئازادی بیروڕا و قبوڵکردنی جیاوازی و نەهێشتنی هەڵاواردن، کە بە سەرکەوتنی دەتوانین هیوای ژیانێکی ڕاستەقینە و ئینسانانە بخوازین، ئەگینا شۆڕشی ژینا تا بەرەبەیانی ئازادی بەردەوام دەبێت و بەرخۆدان تا "ژن، ژیان، ئازادی" بەردەوام دەبێت.