"پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان پشتگیری ئەو ژنانە بکەن کە لە کامپەکاندان"

شیرین چۆری، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەو پاراستنی مافەکانی ژنان، تیشکی خستەسەر بارودۆخی ئەو ژنانەی لە کامپەکاندا دەژین و داوای هۆشیارکردنەوەی ژنان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لە دژی کامپەکان کرد.

دیرەن ئەنگیزەک

 

قامیشلۆ-ناوەندی لێکۆڵینەوەو پاراستنی مافەکانی ژنان کە پشتیوانی یاسایی بۆ ژنان دابین دەکات لە شاری قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە کار دەکات، شیرین چۆری، کە لە بەڕێوەبەرایەتی ناوەندەکەیە ئاماژەی بەوەکرد، بە یارمەتی یاسایی تا ئێستا یارمەتی زۆرێک لە ژنانیان داوە.

 

"هەوڵ دەدەین ژنان لە مافەکانیان ئاگادار هۆشیار بکەینەوە"

شیرین چۆری باسی لەوەکرد، ناوەندی لێکۆڵینەوەو پاراستنی مافەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠١٩ دەستی بە کارەکانی کردووە و وتی: کارەکانمان بە سێ شێوە ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ژنان لە کامپەکان کار دەکەین، تاوانی دژ بە ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکانی لەلایەن دەوڵەتی تورک تۆمار دەکەین، بەدوای ڕووداوەکانی وەک کوشتن و ڕفاندن و بریندارکردنی ژناندا دەگەڕێین، لە هەمان کاتدا بە سیمینار و وۆرکشۆپەکان کار دەکەین، هەوڵ دەدەین هەموو ئەو ژنانەی کار دەکەن و کار ناکەن دەربارەی مافەکانیان هۆشیار بکەینەوە.

 

شیرین چۆری ڕایگەیاند، لقێکی ناوەندەکە لە بەلجیکا لە ساڵی ٢٠٢٢ کراوەتەوە و وتی: ئەندامانیش لە حەسەکە و تەبقا و ڕەقە و حەلەب و شام هەن.

 

"تاوانی دژ بە ژنان تۆمار دەکەین"

شیرین چۆری ڕایگەیاند لەو کاتەی ناوەندەکە کراوەتەوە، چالاکی پەروەردەیی وەک پانێڵ و سیمینار بۆ ژنان و منداڵان ئەنجام دەدەن و وتی: ئێمە وۆرکشۆپمان ڕێکخستووە لەسەر بابەتەکانی وەک مافی تاکەکەسی ژنان، دەروونناسی ژنان، بەڕێوەبردنی قەیران، ئابووری و بەتایبەتی لەسەر ڕوونکردنەوە، هەموو ساڵێک دۆسیەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئامادە دەکەین، لە هەمووی گرنگتر، تاوانەکانی دژی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان تۆمار دەکەین، دۆکیومێنتی کۆمەڵکوژی، ڕفاندن و برینداربوون دەکەین، هەواڵی زۆرمان لەو ناوچانەوە هەیە کە دەوڵەتی تورک داگیری کردووە، بارودۆخی ژنان لێرە زۆر خراپە، هەموو ڕۆژێک کۆمەڵکوژ دەکرێن، دەفڕێندرێن، ئەشکەنجە دەدرێن و فشارێکی زۆریان لەسەر دروست دەکەن، ئێمە دوو دۆسیەمان هەیە دەربارەی تاوانەکانی دژ بە ژنان لەم ناوچانەدا.

 

بارودۆخی ژنان لە کامپەکاندا

شیرین چۆری ئاماژەی بەوەکرد، دۆسیەیەکیان ئامادەکردووە بۆ ئەو ژنانەی لەژێر ئەشکەنجەی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیادا دەژین و ڕەوانەی دادگا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیان کردووە، بەڵام هیچ تۆمەتێ لەلایەن ئەو دادگایانەوە تۆمار نەکراوە، شیرین چۆری ئەوەشیخستەڕوو، هەر لە سەرەتاوە کاری بۆ کەیسەکەی هەڤرین خەڵەف دەکرد کە لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوە کرایە ئامانج، دۆسیەکەیان نارد بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەڵام ڕەتکرایەوە، چونکە ئەوان تەنها بۆ خۆیان کار دەکەن.

 

شیرین چۆری ئاماژەی بەوەدا، ئەوان بە دیاریکراوی لە کامپەکاندا کار دەکەن و وتی: لە کامپی ڕۆژ کار دەکەین، چاومان بە ٢٤٠ ژن کەوتووە، بە سێ ڕێگا ژنان لە کامپەکە وەردەگرین. یەکەم، ئەوان ڕادیکاڵن کە بە مەبەست و خۆبەخشانە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، هەندێک لەوانەی کە هاتبوون بۆ ئێرە بەگوێرەی بنەماکانی ئیسلام، چونکە ئەو پیاوانەی هاوسەرگیرییان کردووە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و هەندێکی دیکەش ژنیان هێناوە کە هەڵخەڵەتێنراون و هێنراون بۆ ئێرە، ئەم گروپە زۆر لە گروپە ڕادیکاڵەکە دەترسێت.

 

"هەوڵ دەدەین پەروەردەی منداڵان ڕێکبخەین"

وتیشی: ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ واژۆ کردووە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو ژنانەی کە لە کامپەکاندا دەژین و بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە، دۆخی ژنانی داعش دەتواندرێت بە پەروەردەی فرە لایەن چارەسەر بکرێت، هەروەها کاری تایبەت بۆ منداڵانی کامپی ڕۆژ کراوەو سەرەتا ٣٠٠ منداڵ لە کامپی ڕۆژ پاڵپشتی دەکران و دواتر ١٦٠ منداڵ پشتگیری دەکران، چەند چالاکییەک بۆ ئەو منداڵانە ڕێکخراوە، لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی منداڵان پشتگیری دەروونی و پشتیوانی ئەم منداڵانە دەکەین، بارودۆخی منداڵان زۆر باش نییە. منداڵان پەروەردە دەکرێن، بەڵام کاتێک هەڵوێستی ئیسلامی ڕادیکاڵ لە خێزانەکانیاندا دەبینن، دووبارە دەگۆڕدرێنەوە، لەم کامپەدا سیمینارێک دەربارەی کێشەکانی ژنان و ئازادی و مافەکانی ژنان و گرنگی ژنان لە بەڕێوەبردنی خێزان و ئیسلامدا پێشکەش دەکەین، هەوڵ دەدەین پەروەردەی ژنان و منداڵان ڕێکبخەین.

 

"ئەو ژنانەی لە کامپەکاندا دەژین دەبێت پشتگیری بکرێن"

شیرین چۆری پلانەکانی وەک ناوەندی لێکۆڵینەوەو پاراستنی مافەکانی ژنان هەڵسەنگاند و وتی: سیمینار و چالاکییە پەروەردەییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی مافەکانی ژنان لە دامەزراوە و چادر و گوندەکان بەردەوام دەبن، کرداری نایاسایی کە لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن تۆمار دەکەین، کاری زانیاریمان بەردەوام دەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان.

 

شیرین چۆری تیشکی خستەسەر ئەو ژنانەی کە لە کامپەکاندا دەژین و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت بە تایبەتی پشتیوانی لە ژنان بکەن لە کامپەکاندا.