لە بەرزنجە ٥٠٠ دۆنم پووش و پاوان سووتا و لە گاپیڵۆنیش داربڕێک دەستگیر کرا

ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى، بیوەك، زڵزڵە، چنارە لە سنووری بەرزنجە کەوتەوە و ٥٠٠ دۆنم، پووش و پاوان و دارستان سووتان، لە گاپیڵۆنیش کەسێک، کە دەیان داری سروشتی بڕیوەتەوە، دەستگیر کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، بە هۆکارێکى نادیار ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى، بیوەك، زڵزڵە، چنارە لە سنووری بەرزنجەى سەر بە پارێزگاى سلێمانى کەوتەوە و  تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە ٥٠٠ دۆنم لە پووش و پاوان دارستان سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سرووشتی ناوچەکە گەیشتووە.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەدا بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرایکردووە، هاوڵاتییەکیان دەستگیر کردووە، کە لە سنووری گوندی گۆمە سارد-ی سەر بە شارەدێى گاپیڵۆن هەستاوە بە بڕینەوەی دەیان دارى سروشتیی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا دەستگیرکراوەکە ڕێکارى یاسایى بەرامبەر گیراوەتە بەر.