بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران زیاتر دەبێت

تێکڕای تەمەنی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران تادێت بەرەو بچووکتر دەچێت، لە ٪٥٧ی خوێندکارانی ئاماددەیی ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان بوون و سەنتەرەکانی چارەسەرکردن تەنها خزمەت بە ئالوودەبووانی پیاو دەکەن.

سروشا ئەمین

 

ناوەندی هەواڵ- لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، تێکڕای تەمەنی بەکارهێنەرانی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، حکومەت سیاسەتێکی کاریگەر بەڕێوە نابات و چارەسەری ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و دەم درێژە، کە پێویستی بە چاودێری فرەلایەنە هەیە لەلایەن خێزان و خزم و دامەزراوەکانی پشتیوانی کۆمەڵایەتییەوە.

 

تەمەنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ١٠ ساڵ دابەزیوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە و خۆپاراستن لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان ٧ ساڵ لەمەوبەر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، کە ١٣٦ هەزار خوێندکاری ئێرانی مەترسی ئالوودەبوونیان بە ماددە هۆشبەرەکانیان لەسەرە و سێ هەزار و ٦٠٠یان لانیکەم جارێک ماددە هۆشبەرەکانیان بەکارهێناوە، بەپێی ئەو ئامارە نوێیە؛ تەمەنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بۆ ١٠ ساڵ دابەزیوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لە هەر هەزار خوێندکارێک ٢١ کەسیان ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکانن.

 

بەپێی دوایین ئاماری سەنتەری توێژینەوە و پەتاکان؛ لە ئێران لە ٪٥٧ی خوێندکارانی ئاماددەیی ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و ٪٥٣.٣ی مەشروب بەکاردەهێنن، ڕێژەی ئەو کەسانەی لە تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە ماددە بەکاردەهێنن لە کۆی ژمارەی سەر بە کەسەکاندا ٪٤ بووە، ئێستا ٪١٠یە، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری پیشەسازی لە ٪٥ بۆ ٪٢٢ بەرزبووەتەوە.

 

"بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج هەزار و ٣٤٢ کەس"

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکی دادی ئێران؛ لە ساڵی ٢٠٢١دا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٪١٥.٢ زیادی کردووە، تەنها ئەمساڵ ٥ هەزار و ٣٤٢ کەس بەهۆی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

ژنانی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران چارەسەر ناکرێن

زۆرێک لەو ژنان و کچانەی کە لە ئێراندا گیرۆدەی ماددەی هۆشبەرن، بە هۆی چەواشەکاری کۆمەڵایەتییەوە ناچارن ئالوودەبوونیان بە ماددە هۆشبەرەکان بشارنەوە، هەروەها ناوەندەکانی چارەسەرکردن تەنها خزمەت بە پیاوان دەکەن، بۆیە ڕێژەی ئەو ژنانەی کە ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەرن ڕوون نییە.

 

دەوترێت کێشەکانی وەک نەبوونی دەرفەتی خوێندن، بێهیوایی لە داهاتوو، نەبوونی داهێنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، نەبوونی و نائاسایشی کۆمەڵایەتی، نەبوونی دەرفەتی کات بەسەربردن، خراپی بارودۆخی ئابووری و بێکاری، هۆکاری زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانن.