سەندیکای ڕاگەیاندنی ژنان بە ئامانجگرتنی ژنانی ڕۆژنامەنووس و خەڵکی مەدەنی شەرمەزار دەکات

سەندیکای ڕاگەیاندنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە ئۆتۆمبێلێکی دەزگای میدیایی ژن تیڤی کردە ئامانج و بەڵێنی دا تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان و ئاشکراکردنی تاوانەکانی داگیرکەری تورکیا ڕێبازی ڕۆژنامەنووسانی ژن بگرنەبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ چوارشەمە ٢٣ی ئاب، سەندیکای ڕاگەیاندنی ژنان لە ڕاگەیەندراوێکدا، بۆردومانی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیای بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی ژن تیڤی لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ-عامودا شەرمەزار کرد و بەڵێنی درێژەدان بە ڕێبازی ڕۆژنامەنووسانی شەهیدیان دا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "جارێکی دیکە ڕاستی سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئاشکرا بوو، کە دوژمنایەتی ئازادیی ژنان دەکەن، کە توانا و ڕۆڵی خۆیان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەلماند، بۆیە هێرش و ئەنجامدانی تاوان بۆ تێکدانی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هاتوون بەردەوامە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەئامانجکردنی ئۆتۆمبیلێکی سەر بە تەلەفزیۆنی ژن تیڤی لەلایەن تورکیاوە، بە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی کارمەندێک و برینداربوونی پەیامنێرێک بە ناوی 'دەلیلا عەگید"، ئەمەش ڕاستی داگیرکاری تورکیا ئاشکرا دەکات کە هەوڵی تێکدانی دەستکەوتەکانی ژنان دەدات".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەڵێنمان بۆ هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسە ژن و پیاوانە نوێ دەکەینەوە کە گیانیان بەختکرد لەپێناو نیشاندانی دەنگی ڕاستی، کە ڕێبازی ئەوان تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان و نیشاندانی هەموو ئەو تاوانانەی داگیرکەری تورکیا کە ئەنجامی دەدات، بەرنادەین".

 

لە بەیاننامەکەدا ئیدانەی بەئامانجکردنی ژنە ڕۆژنامەنووسان کراوە، داوا لە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە، ئەو کۆمەڵکوژی و قڕکردنانەی داگیرکەری تورکیا لە دژی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدات بە هەموو جیهان بگەیەنن، بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لە تاوانەکان بکەن.