١٥ی ئاب یەکێکی دیکەیە لە بەروارە ڕەشەکانی ئەفغانستان

تاڵیبانەکان ئاهەنگی ١٥ی ئاب دەگێڕن بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە "جیهاد دژی ئەمریکا"یان بردووەتەوە و لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان نییە، بەڵام هەفتانە ٤٠ ملیۆن دۆلار بە ئاشکرا دەداتە تاڵیبان.

بەهاران لاهیب

 

کابول - دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا تاڵیبان لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە هێنرایە کابول و لە دەسەڵاتدا جێگیرکرانم لە مانگەکانی یەکەمی حوکمڕانییان، خەڵک بێدەنگ ببوون و قسەیان نەدەکرد، چونکە هەمووان لە ترس و شپرزەیی و شۆکدا بوون.

 

کابول شارێکی قەرەباڵغە تا درەنگانی شەو، دەنگی فرۆشیار و کۆڵبەر و ئۆتۆمبێل لە هەموو گۆشەیەکەوە دەبیسترا، بەڵام دوای هاتنی تاڵیبان بێدەنگییەکی تەواو حوکمڕانی کرد و ئیتر ژاوەژاو لەلایەن بازرگان و کۆڵبەر و ئۆتۆمبێلەکانەوە نەما، هاوڕێ و دۆست و ناسیاوەکان دەچوونە فڕۆکەخانەی کابول و دەیانویست بە هەر نرخێک بێت لە ئەفغانستان دەربچن، لە ١٥-٣٠ی ئابی ٢٠٢١ کابول و فڕۆکەخانەکەی شاهیدی کوشتنی ژن و پیاو و پیر و گەنج و منداڵ بوون لە هێرشە خۆکوژییەکان تەقەی ڕاستەوخۆی تاڵیبان و بێسەروشوێنکردنی ئەندامانی خێزانەکاندا.

 

پێش ١٥ی ئابی ٢٠٢١ و گرتنەدەستی دەسەڵاتی گشتی و تەواوەتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، بە چەند مانگێک ڕادەستکردنی پارێزگاکان بە تاڵیبان دەستیپێکردبوو و سەربازەکان ڕێگەیان پێنەدرا بەرەنگاری ببنەوە، ئەگەر لەسەر بنەمای ناوچەیی شوێنێک ڕادەست نەبوونایە، ئەوا لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە هەڕەشەیان لێدەکرا.

 

ڕادەست کردنی دوو بەشی ئەفغانستان بە تاڵیبان لە ڕێککەوتنی بەناوبانگی دۆحەی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠ واژۆ کرا، تیایدا باس لەوە کراوە: "کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان لە ماوەی ١٤ مانگدا، پابەندبوونی تاڵیبان بە پێشگرتن لە چالاکییەکانی ئەلقاعیدە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و دانوستانەکانی نێوان تاڵیبان و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئەفغانستان دەبێت"، پێدەچێت ئەم پرسانە ئاشتی بۆ ئەفغانستان بهێنن، بەڵام بابەتی سەرەکی ڕێککەوتنەکە ئەمانە نەبوون، بەڵکو ڕادەستکردنی ئەفغانستان بوو بە تاڵیبان.

 

ئەمریکا بە دروشمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان ئەفغانستانی داگیر کرد بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٢١ نەک هەر شەڕی تیرۆریستانی نەکرد، بەڵکو بە گیان لەدەستدانی ٤٧٠ هەزار و ٢٤٥ هاوڵاتی مەدەنی و ٦٦ هەزار بۆ ٦٩ هەزار هێزی سوپا و پۆلیس، دەسەڵاتی هەر بە تاڵیبان بەخشی و کاتێک سەیری ئاماری ساڵانەی توندوتیژی دەکەیت لە بەرامبەر ژنان، ئەم ئامارانە ساڵ بە ساڵ زیاد دەبن.

 

کاتێک تاڵیبان لەم دوو ساڵەدا هەموو دەسەڵاتەکەی گرتە دەست، تاوانی بێشوماریان لە دژی خەڵکی ئەفغانستان ئەنجامداوە بە ئاشکرا یان بە نهێنی، هێزە سەربازییەکانی حکومەتی پێشوو، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، بە گشتی ژمارەی ئەو کەسە ڕۆشنبیرانەی کە تاڵیبان هەست دەکات هەڕەشەن بۆ دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی،  ڕووبەڕووی زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان، کوشتن، تیرۆرکردن و دیارنەمانی حکومەتی تاڵیبان بوونەتەوە.

 

بەڵام ژنان لە لوتکەی ستەمەکان دان، کاتێک تاڵیبانەکان دەچوونە ناو هەر پارێزگایەک، یەکەم ئەرکیان ئەوە بوو کە نەهێڵن ژنان بچنە فەرمانگە حکومییەکان، وەزارەتی کاروباری ژنانیان گۆڕی بۆ وەزارەتی فەرمان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە، حیجابیان کردە ناچاری و  ڕێگەیان بە کچانی سەروو پۆلی شەشەم نەدا درێژە بە خوێندن بدەن، دەروازەی زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکانیان بەڕووی ژناندا داخست، ئەو دامەزراوانەی کە ژنان سەرۆکایەتیان دەکرد چیتر ڕێگەیان نەدەدا ژنان لە سەرکردایەتیدا بن، چالاکییەکانی ئەو دامەزراوانەیان داخست کە خزمەتگوزاری پەروەردەیییان پێشکەش دەکرد، کۆتا بڕیاریشیان ئەبووە، کچانی سەروو ١٠ ساڵ و ئەوانەی بە باڵا بەرزن، مافی چوونە قوتابخانەیان نییە، ئارایشتگاکان داخران، هاوکات لەگەڵ کوشتنی ژنان، دەستدرێژی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، توندوتیژی خێزانی، هەژاری، بێکاری، نائەمنی ژیانیش زیادی کردووە.