تەرمی ٣٩ ئێزدی درایەوە بە بنەماڵەکانیان
تەرمی ٣٩ هاوڵاتی ئێزدی لە هێرشی چەتەکانی داعشدا کوژرابوون، گەڕیندرانەوە بۆ بنەماڵەکانیان.
ناوەندی هەواڵ
گەڕان بەدوای ئەو هاوڵاتییە ئێزیدیانەی لە هێرشی ساڵی ٢٠١٤ی داعش لە شەنگال کۆمەڵکوژکران و چارەنووسیان نادیارە بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادوەری نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند شاندێک لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەشی پزیشکی دادوەری نزیکەی ٣٩ تەرمی هاوڵاتیانی ئێزیدیان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دەرهێناوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی نەینەوا و شەنگال، ٣٩ تەرمەکە دوای تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی و تەواوکردنی زانیاری ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراون.