ڕۆزا ئیساکۆڤنا: ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا سەرکوتکەرترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ مافەکانی ژنان

کاربەدەستانی تاڵیبان لە ئەفغانستان فەرمانێکیان دەرکردووە بۆ قەدەغەکردنی کاکردنی ئەو ژنانەی کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ڕۆزا ئیساکۆڤنا، ڕاگەیاند ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا سەرکوتکەرترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ مافەکانی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان "UNAMA" هەواڵی فەرمانێکیان لە لایەن تاڵیبانەوە پێگەیشتووە کە ڕێگری لە کارمەندانی ژنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە کارکردن.

 

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن چۆن ئەم قەدەغەیە کاریگەری دەبێت لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانیان لە وڵاتەکەدا، چاوەڕوانی کۆبوونەوەی زیاتر دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە کابول، تا ڕوونکردنەوەی زیاتر وەربگرن.

 

ئەمە لە کاتێکدایە لە ئابی ٢٠٢١ەوە کە تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، دەستگەیشتنی ژنانی بۆ خوێندنی باڵا و کارکردن بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بە چەندین شوێنی گشتی قەدەغەکردووە.

 

"کارمەندانی ژنان پێویستە"

نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەی بەوەکرد کە ستافی ژنان زۆر گرنگن بۆ گەیاندنی یارمەتی و ڕزگارکردنی ژیان، ئەم جۆرە فەرمانانە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان پێشێل دەکەن.

 

لە مانگی ئاداردا، ڕۆزا ئیساکۆڤنا، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی نێردەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاند، ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا هێشتا سەرکوتکەرترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ مافەکانی ژنان.

 

لە ساتێکدا کە وڵاتەکە پێویستی بە هەموو سەرمایە مرۆییەکانی هەیە بۆ چاکبوونەوە لە دەیان ساڵەی جەنگ، نیوەی پزیشک و زانا و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارەکانی لە ماڵەکانیاندا هێڵدراونەتەوە و خەونەکانیان تێکشکێنراون.