بڵێسەی ئاگری شۆڕشگێڕانی مهاباد لە چوارشەممە سوردا
یەکێک لە ژنەکان دەڵێت: دڵمان پڕە لە ئومێد بۆ ئازادی، ئاگری چوارشەممە سوریش ئەم ئومێدە گەرمتر دەکات، چونکە ئاگری ئەمساڵی چوارشەممە سور ئاگری ئازادییە.
مهاباد
وەک یەکێک لە ئاهەنگەکانی پێشوازیکردن لە بەهار، ئەمساڵ لە شاری مهاباد چوارشەممە سور جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەڕێوەچووە، چونکە ئەمساڵ خەڵک نەک هەر بۆ پێشوازیکردن لە بەهار بەڵکو بۆ پێشوازیکردن لە ئازادی ڕۆشتوون.
ئاگری چوارشەممەی سور لە هەموو گەڕەکەکانی شاری مهاباد بە بڵێسەی گەشاوەتر بۆ پاککردنەوە و ڕزگارکردنی ناشیرینی و پیسی مرۆڤایەتی، هاوکات لەگەڵ زوڵم و چەوساندنەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە چارەنووس و ژیانی خەڵک داگیرسا.
بەڕێوەچوونی ئەم ئاهەنگە لە هەندێک ناوچەی وەک شەقامی مۆزۆر، پوشت تەپ، شیلان، شەهرەک ئەلکەسمان، موبهد ئاباد، بەشێک لە بەنداوەکە و دوورگەی مهاباد، سیسێ باغ و گەڕەکی فاجەر بە دروستکردنی بەربەستی ڕێگاوبان و هاواری "ژن، ژیان، ئازادی" و دروشمی ئازادیخوازان ئەنجامدرا.
بە وتەی شایەتحاڵان، بینای پارێزگار، ڕادیۆی مهاباد و شارەوانی بە توندی پاسەوانییان بۆ کراوە و هەموو بانک پارێزران، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی پاسەوانی تایبەت و ئۆتۆمبێلی دژە شۆڕش لە ورمێوە ڕەوانەی مهاباد کران.
ماریا کەریم پوری، یەکێک لەو ژنە خۆپیشاندەرانە کە لە گەڕەکی مەنبع وتی: بۆ من شەقامی مەنبع کۆمەڵەیەکی تێکۆشانە و کە ئەمڕۆ چوومە ئەوێ، پڕ بووم لە ئازادی. یەکەم شت کە وەک هەمیشە کردم ڕووخسارم داپۆشی، خەڵکێکی زۆر لەو شەقامەدا کۆبوونەوە، ژن و پیاو لە دەوری ئاگرەکە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە. لە بەیانی زووەوە ئەفسەرەکان چ بە یەکپۆشی و چ بە جلوبەرگی تایبەتەوە لە مهاباد ئامادە بوون، ژمارەیەکی زۆر لە بەکرێگیراوەکان لە چوار جادەی ئازادی و لە هۆڵی شار جێگیر بوون و دۆخی ئەمنی شارەکەش زۆر پارێزراو بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ترسێکمان لە بەکرێگراوەکانی ڕژێم نییە و ڕۆژێک دێت ئاڵاکەیان دادەبەزێنین، ئەمساڵ لە دەوری ئاگری چوارشەممەی سور بۆ ئازادی و بۆ یادی ژینا و ژیناکان سەمامان کرد، بەڵام ڕژێم تەنانەت لە سەماکردن دەترسێت، چونکە یەکسەر ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس دەستیان بە گەڕان کرد بۆ سەرکوتکردنی کۆبوونەوەکان. بەڵام ئاگری چوارشەممەئ سور و ئاگری شۆڕشی ئەمساڵ بوو بە یەکێک.
شەبنەم حەریری سەبارەت بە چوارشەممەی سووری ئەمساڵ دەڵێت: ئەمساڵ هەموو گەڕەکەکانی مهاباد ڕەنگ و بۆنێکی شۆڕشگێڕانەیان هەیە، دڵمان پڕە لە ئومێد بۆ ئازادی، ئاگری چوارشەممەی سوریش ئەم ئومێدە گەرم دەکات، چونکە ئاگری ئەمساڵی چوارشەممەی سور ئاگری ئازادییە، ئێمە چەند کچێک بووین لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا ئاگرمان کردەوە و دواتر پیاوەکان بەشدارییان کرد لەگەڵمان، بۆ شەهیدانی ژینا کۆبووینەوە و هاوارمان دەکرد "شەهید نامرێت" لە پێناو دایکانی شەهیدان، کە بە جگەری خوێناوی و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەچن پێشوازی لە نەورۆز بکەن، ئێمە دوای وتنەوەی دروشم لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕژێمەوە هەراسانکراین، ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆ بە پەنجەرەی ڕەنگاوڕەنگەوە بە خێرایی بەرەو خەڵکەکە دەهاتن بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە، کەمێک ترسمان هەبوو، بەڵام دیسانەوە لە دەوری ئاگرەکە کۆبووینەوە، نیشانمان دا کە دڵمان هێشتا لێدەدات بۆ ئەم ڕاپەڕینە.